وەرزشکارانی کورد پلەی قارەمانەتیان لە ئاستی ئێراندا بە دەست هێنا

12:23 - 22 رەشەمه 2715
ئاژانسی کوردپا: دوو وەرزشکاری کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاستی ئێراندا توانیان پلەی قارەمانییەتی وەدەست بێنن.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، وەرزشکارێکی کوردی خەڵکی پارێزگای ئیلام بە ناوی \"ئێحسان زەینی وەند\" لە کێبڕکێی هەڵاتنی ماڕاتۆن توانی پلەی قارەمانییەتی ئێران بۆ خۆی مسۆگەر بکات.

ئەو کێبڕکێی هەڵاتنە بە بەشداریی ٨٠ کەس لە شاری بەندەرعەباس بەڕێوە چوو کە بەشداربووان مەودای ٤٢ کیلۆمیتر و ١٩٥ میتریان بە هەڵاتن بڕی و لە کۆتاییدا ئێحسان زەینی وەند توانی پلەی قارەمانییەتی وەدەست بێنێت.

\"29750.jpg\"
ئێحسان زەینی وەند
هەروەها لە کێبڕکییەکانی گراپێل کە لە شاری کرمانشان بەڕێوە چوو \"کۆسار بەهرامی\" توانی قارەمانی جیهان لەو ڕشتە وەرزشیەدا شکست بدات.

کۆسار بەهرامی ڕاهێنەر و گراپێل‌کاری کامیارانی لە کێبڕکییەکانی ئاستی وڵاتدا کە ڕۆژی هەینی لە خانەی زۆرانبازیی پارێزگای کرماشان بەڕێوە چوو توانی قارەمانییەتی ئەو ڕشتەیە وەدەست بێنێت.

لەو کێبڕکییانەدا تیمی کوردستان پێکهاتوو لە \"کۆسار بەهرامی\" و \"ئیرشاد مارابی\" توانیان دوو میداڵی زێڕ و زیو بە دەست بێنن و لە لایەن فێدراسیۆنی ئێرانەوە، دان دۆ جیستۆی برەزیلی بەو دوو وەرزشکارە کوردە پیشکەش کرا.

کۆسار بەهرامی لەو کێبڕکێیانەدا توانی \"ناسر کەلانتەری\" قارەمانی جیهان لە ڕشتەی گراپلینگدا شکست بدات.

وەرزشکارانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاستی جیهان و ئێراندا بەردەوام سەرکەوتن وەدەست دێنن و ئەوەش لە کاتێکدایە کە وەرزشکاران لەگەڵ کێشەی زۆر ئیداری و بێ ئیمکاناتی بەرەوڕوون.