وەرزشکارانی کورد جارێکی دیکە شانازییان تۆمار کرد

12:16 - 4 رەشەمه 2715
ئاژانسی کوردپا: لە کێبڕکێی قارەمانیی کۆنگـفۆ تۆئای لاوان و گەورەساڵانی ئێران، وەرزشکارانی کورد توانییان شانازییەکی نوێ تۆمار بکەن و بە شێوەی تیمی پلەی یەکەم بەدەست بێنن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە کیبڕکێی قارەمانیی کۆنگـفۆ تۆئای ئێران کە ئەمساڵ لە فولادشاری ئیسفەهان بە بەشداری ٣٣٦ وەرزشکار لە ٢٧ پارێززگای ئێرانەوە، بەڕێوە چوو تیمی کۆنگـفۆ تۆئای پارێزگای سنە پلەی یەکەمیان وەدەست هێنا.

لە گرووپی تەمەنی گەورەساڵاندا، حوسێن کەرەمی و محەممەد شەریفی میداڵیای زێڕ، ڕزگار قوربانی میداڵیای زیو و پەیمان مەحمودی، کاوە پەناهی، عادڵ محەممەدی، کەماڵ خۆشبەخت و ئەشکان سەید محەممەدی توانییان میداڵیای بۆڕۆنز لە مل بکەن و بەم شێوەیە بە ٣٤ پوان توانییان بە پلەی یەکەم بگەن.

هەروەها لە گرووپی تەمەنی لاواندا، ئاکار درەخشانی و نەوید یوسفی بە مێداڵیای زێڕ و حەمید داستانی بە میداڵیای زیو و ئارێز میرزایی بە لەمل کردنی میداڵیای بڕۆنزی ئەم کێبڕکێیانە توانییان پلەی سێهەمی تیمی بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن.

لە لایەکی دیکەشەوە لە کێبڕکێکانی \"پاهۆیوت ئۆپێن\" کە تێیدا ١٨٠ وەرزشکار لە ١٥ وڵاتی جیهانەوە بەشدار بوون، ڕەزمی‌کارە کوردەکان کە بە نوێنەرایەتی وڵاتی ئێران بەشدار بوون، توانییان لە ٣ گرووپی تەمەنی مێرمنداڵان، لاوان و گەورەساڵاندا ٩ مێداڵ بە دیاری بێنن.

سەهەند مۆرادی، دانا سەڵەواتی و زانا ئیمامی ڕاد بە مێداڵیای زێڕ، بێهنام ڕەزەوی، چیاکۆ بەهمەنی، مێحراب کەریمی، ڕامیار غەفاری و فەرزاد قادری بە میداڵیای زێو و ئارمین عەبدوڵڵاهی بوو بە خاوەنی مێداڵی بڕۆنزی ئەم کێبڕکێیانە و بەشێوەی تیمی لە پلەی یەکەمدا ڕاوەستان.