وەرزشوانێکی ئیلامی بە ئێعدام مەحکووم کرا

10:19 - 25 بەفرانبار 2721

بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی "هێرانا"، یەزدان میرزایی وشۆکاری ئیلامی و براوەی میداڵی زێڕی کێبڕکێی نێونەتەوەیی، بە تۆمەتی پەیوەندییدار بە ماددە سەڕکەرەکان، لەلایەن دادگای کەیفەریی زاهیدانەوە، بە ئێعدام مەحکووم کرا.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ئەو وەرزشوانە ئیلامییە، ساڵی ١٣٩٩، لە شاری زاهیدان لە فڕۆکەخانەی ئەو شارە، بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددەی سڕکەر، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ گرتنگەی ئەو ناوەندە ئەمنییەتییە، ڕاگوێزرابوو.

ئەو هەواڵدەرییە مافی مرۆییە، لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە، یەزدان میرزایی بۆ ماوەی ٢٥ ڕۆژ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی زاهیداندا بووە و لەو ماوەیدا، هەوڵی خۆکوژی داوە.

یەزدان میرزایی هەنووکە لە زیندانی زاهیدان دایە و ئەو تۆمەتەی ڕەت کردووەتەوە و لەو باوەڕەدایە کە ئەو تۆمەتی ئیدارەی ئیتلاعاتە کە ڕێگری لە پێشکەوتنی ناوبراو بکات، چوونکە ئەو وەرزشوانە ئیلامییە بنەماڵەکەی سیاسییە.

یەزدان میرزایی تەمەن ٢٧ ساڵ کوڕی داوود، وەرزشوانی ئیلامیی و ئەندامی تیمی میللیی لە "سبک ساندا"دایە و خاوەنی چەند میداڵی زێڕی کێبڕکێی ئاسیایی و نیونەتەوەیی جامی پارسە.