وەرزشوانێکی کورد وەکوو باشترین وەرزشوانی ساڵ دیاری کرا

20:20 - 20 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: وەرزشوانێکی کوردی تەمەن ٢٦ ساڵ، وەکوو باشترین وەرزشوانی ساڵی ٢٠١٦، لەلایەن فێدراسیۆنی جیهانیی \"هەڵگرتنی قورسایی\" دەستنیشان کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ماڵپەڕی فێدراسیۆنی جیهانیی هەڵگرتنی قورسایی، لە ڕاپرسییەکەدا ٦ وەرزشوانی بۆ وەرگرتنی خەڵاتی \"ینۆ بزۆكۆیچ‌\" دەست نیشان کرد و لەلایەن کاربەرانی ئەو ماڵپەڕەوە، کیانووش ڕۆستەمی وەکوو باشترین وەرزشوانی ساڵ دیاری کرا.

هەڵبژاردنی باشترین یاریزان بە دەنگی خەڵك ‌و لە ڕێگەی ماڵپەڕی فەرمیی فێدراسیۆنی هەڵگرتنی قورسایی جیهان، ئەنجامدراوە و ڕۆستەمی پلەی یەكەمی لەو ڕاپرسییەدا بەدەست هێناوە.

کیانووش ڕۆستەمی، وەرزشوانی بواری هەڵگرتنی قورسایی، توانیبووی پلەی یەکەم و میداڵیای زێڕی کاروانی وەرزشیی ئێران لە ئۆلەمپیکی ساڵی ٢٠١٦ بەدەست بهێنێت.

کیانووش ڕۆستەمی لە ساڵی ١٣٧١ی هەتاوی، لە شاری شائاباد لە پارێزگای کرماشان لەدایکبووە.