وەرزشوانێکی کورد، دەبێ هەموو ڕۆژێک سەردانی ئیتلاعات بکات

15:25 - 18 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: وەرزشوانێکی کوردی خەڵکی شاری سەقز، لەسەر بڕیاری ئیتلاعاتی ئەو شارە، دەبێ هەموو ڕۆژێک سەردانی ئیتلاعاتی ئەو شارە بکات.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"میلاد فازڵپوور\"، کوڕی محەممەد و خەڵکی گوندی \"مەلقەڕەنیـ\"ـی شاری سەقز، لەسەر بڕیاری ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە، دەبێ هەموو ڕۆژێک سەردانی ئیتلاعات بکات و پاش کاتژمێرێک لێپرسینەوە، ئازاد دەکرێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"ئەو وەرزشوانە کوردە، پاش ئازادکرانی لە زیندان، هەموو ڕۆژێک دەبێ سەردانی ئیتلاعات بکات و مەرجی ئازادکردنی ئەو وەرزشوانە کوردە، سەردانکردنیەتی بۆ ئیدارەی ئیتلاعات\".

ئەم سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: \"لایەنی سکاڵاکەر لەو وەرزشوانە کوردە، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز بووە و لەسەر بڕیاری ئیدارەی ئیتلاعات، پاش مانگێک ئازاد کراوە، بەو مەرجەی کە لەژێر چاوەدێریی ئەو ناوەندە حکوومەتییەدا بێت\".

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٦ی جۆزەردان، دادگای ئینقلابی شاری سەقز، حوکمی سێ مانگ زیندانیی بەسەر وەرزشوانێکی کورد بە ناوی \"میلاد فازڵپوور\"، کوڕی محەممەد، خەڵکی گوندی \"مەڵقەڕەنـ\"ـی شاری سەقزدا سەپاند.

ئەو لاوە کوردە، بە بۆنەی لەبەرکردنی تێشرتێک لە جێژنی نەورۆزی ئەمساڵدا، کە بە ئاڵای کوردستان نەخشێندرابوو، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری سەقزەوە دەسبەسەر و دواتر بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.