وەرزشوانێکی کورد تەلیسمی ئۆلەمپیکی بۆ ئێران شکاند

14:32 - 23 گەلاوێژ 2716
ئاژانسی کوردپا: کیانووش ڕۆستەمی، وەزنەبەرداری کرماشانی توانیی یەکەمین میداڵی کاروانی وەرزشیی ئێران لە ئۆلەمپیکی ڕیۆ بە دەست بێنێت و ئەو تەلیسمە بۆ وەرزشوانانی ئێرانی بشکێنێت.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ڕەوتی کێبڕکێکانی ڕۆژی حەوتەمی ئۆلەمپیکی ڕیۆ له وڵاتی برێزیل، وەزنەبەردارێکی کوردستانی، بە شکاندنی ڕێکۆردی دوو زەرب، توانیی میداڵی زێڕی ئۆلەمپیک بۆ خۆی مسۆگەر بکات.

کیانووش ڕۆستەمی، لە کێشی ٨٥ کیلۆدا، لە حاڵەتی یەک‌ زەربدا، ١٧٩ کیلۆ و لە دوو زەرب‌دا، ٢٧١ کیلۆی بەرز کردەوە.

ئەو وەرزشوانە کوردە، سەرەڕای بەدەست هێنانی میداڵی زێڕ، توانیی دوو ڕێکۆردی جیهانی و ئۆلەمپیکی لە حاڵەتی دوو زەرب‌دا ببڕێت و ناوی خۆی وەکوو نوێترین ڕێکۆردداری ئەو ڕشتە وەرزشییە تۆمار بکات.

کیانووش ڕۆستەمی تەمەن ٢٦ ساڵ، و لەگەڵ ١٠ وەرزشوانی دیکه، کاتژمێر ٢:٣٠ خولەکی ئەمڕۆ شەممە، ڕێکەوتی ٢٣ی گەڵاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی، ئەو ڕێکۆردەوی بۆ خۆی تۆمار کرد.

میداڵی زێڕی ئەو وەرزشوانە کوردەی خەڵکی کرماشان، بە ١٦ـەهەمین میداڵی زێری مێژووی وەرزشیی ئێران ئەژمار دەکرێت.

ئۆلەمپیکی ڕیۆ ٢٠١٦ی زایینی، بە بەشداریی ٢٠٧ وڵاتی جیهان لە وڵاتی برێزیل بەڕێوە دەچێت.