وەرزشوانێکی کرماشانی: تەنیا لەبەر کورد بوونم، هەمیشە لە کێبڕکێ‌کاندا ماف خوراو بووم

12:39 - 14 بەفرانبار 2712

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دیمانەیەکی تایبەتیی لەگەڵ فەرشاد دەرەکە وەرزشکاری کوردی خەڵکی کرماشان و لەسەر دۆخی هەنووکەیی خۆی و وەرزشکارە کوردەکان پێکهێناوە.

فەرشاد دەرەکە وەرزشوانی کیک بۆکسینگ بەم شێوەیە ئازار و ئێشەکانی کۆمەڵگەی وەرزشی کوردی و بە تایبەت تاکی خۆی بە ئاژانسی کوردپا راگەیاند: بەرپرسانی وەرزشی ئێران نەتەنیا ئاوڕی شیاو لە وەرزشکارە کوردەکان نادەنەوە، بەڵكو هەڵسوکەوتێک کە شیاوی مرۆڤیش بێت لەگەڵ ئەو وەرزشکارانە ناکرێت.

فەرشاد دەرەکە پاڵەوانی وەرزشی کیک بۆکسینگ ئاشکرای کرد، لە ماوەی تەمەنی وەرزشیی خۆیدا چەندین جار پاڵەوانیەتیی لە ئاستی ئێراندا بەدەست هێناوە، بەڵام لەبەر ئەوە کە کورد بووە هەمیشە رێگرییان لەمەڕ بەشداریکردنی لە کێبڕکێ نێونەتەوەیەکاندا کردووە و بەردەوام بە بیانووی جۆراوجۆر وەرزشوانێکی غەیرە کوردیان لە جێگەی ئەو هەڵبژاردووە.
\"10532.jpg\"

 

هەر لەو پەیوەندییەدا رایگەیاند: هەتا ئێستا لەلایەن بەرپرسان رێگرییان لە چوونی بۆ وڵاتانی ئێسکاتلەند، یۆنان، کورۆواسی، کانادا و ئامریکا لێکردووە.

ئەو وەرزشوانە بە هاوکاریی مادی چەند پزیشکێکی کوردی دانیشتووی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، ئەمساڵ لە کێبڕکێکانی وڵاتی گورجستان بەشداری کردووە لە میانەی ئەو کێبڕکێانەدا پلەی یەکەمی بەدەست هێناوە.

ئەو پاڵەوانە کوردە ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەمساڵ لە دورگەی کیش لە کێبرکێکانی کیک بۆکسینگ \"فێستیڤاڵی جیهانی وەرزشە رەزمییەکان\"دا بەشداری کردووە و لەوێدا سەرجەم رکابەرەکانی خۆی کە رکابەری ناوخۆیی و دەرەوە بوون شکست داوە، بەڵام لە کۆتایی یارییەکاندا رکابەرە ئێرانییە غەیرە کوردەکەیان وەک براوە ناساندووە، ئەوەش لە کاتێک دابوو کە شەوی پێش ئەو رکابەرییانە لە ناو پارکدا رۆژی کردبۆوە، ئەو وەرزشوانە بە دڵێکی پڕ لە ئێش و ئازارەوە تەئکیدی لەوە دەکردەوە کە بۆخۆی براوەی ئەو یارییانە بووە و هۆکارەکەشی تەنیا بۆ کورد بوونی خۆی دەگەڕاندەوە.

هەر لە درێژەی ئەو لێدوانەدا گوتی، دوابە دوای کێبڕکێیەکانی دورگەی کیش، بەشداریم لە یارییەکانی ئاسیایی لە وڵاتی ئێراندا کرد. سەرەڕای ئەوە کە چەندین بەرابەری یارییەکانی دورگەی کیش دژوارتر بوو، بەڵام لەوێدا توانیم پلەی یەکەم بەدەت بێنم، چونکە لێژنەی داوەرەکان ئێرانی نەبوون و هەڵسەنگاندیان لە رووی عەداڵەتەوە بوو.

\"10533.jpg\"

 

ئەو وەرزشوانە لە ماوەی تەمەنی وەرزشی خۆیدا بە گشتی ١٢ میدالیای لە ئاستی ئێران، ١ میداڵیا لە ئاستی جیهان و هەروەها نازناوی پالەوانیەتیی ئاسیا، نازناوی پاڵەوانیەتیی وڵاتی قێبرێسی لە ساڵی ١٣٨٧دا بۆ خۆی مسۆگەر کردووە و هەروەها کاپی ئۆروپاشی لە ساڵی ١٣٩٠دا بەدەست هێناوە و جەختی لەوەش کردەوە کە سەرجەم میداڵەکانم پێشکەش بە هەموو نەتەوەی کورد دەکەم و تاکە ئاواتم ئەوەیە کە بتوانم شانازی وسەربەرزی بۆ نەتەوەی کورد بەدەست بێنم.

نەوبراو لە ئێستادا ئەندامی تیمی میللی وڵاتی ئێرانە، بەڵام بۆخۆی رایگەیاندووە کە تیمی میلیی ئێران واتە تیمی تاران، چونکە هیچ چەشنە بایخێک بە وەرزشوانە کوردەکان نادرێت.

فەرشاد دەرەکە ساڵی ١٣٦٧ هەتاوی لە شاری کرماشان لە دایک بووە و لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا وەرزشی کیک بۆکسینگی دەست پێکردووە و لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا لە میانەی رکابەرییەکان لە ئاستی ئێراندا پلەی دووەمی بەدەست هێناوە و خاوەن بڕوانامەی ر‌اهێنەریی نێونەتەوەیی لە وەرزشەکانی کیک بۆکسینگ و مەلەوانی دایە هەتا ئێستا لە دەیان رکابەریدا بەشداری کردووە و دوایین جار ماوەی چەند رۆژ پیش ئێستا لە میانەی رکابەرییەکانی رێکخراوی\" واکۆ\" کە لە ولاتی هێندوستان بەڕێوە چوو توانیویەتی میدالیای زێر و پلەی یەکەم بەدەست بهێنێت.

ئەمە بەسەرهاتی یەکێک لە باشترین وەرزشکارە کوردەکان لە ئاستی جیهان دایە کە هەتا ئێستا بەدەست کەمتەرخەمیی بەرپرسان، هەژاری و نەدارییەوە دەناڵێنێت.