وەرزشوانێکی نەبیستی سەقز لە ئێراندا پلەی یەکەمی بەدەست هێنا

14:52 - 20 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: وەرزشوانێکی کوردی خەڵکی شاری سەقز، توانی لە رکابەرییەکانی پاڵەوانیەتیی ئێران لە مەلە کردنی ٥٠ میتردا پلەی یەکەم بەدەست بێنێت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ شۆرش میرزایی وەرزشوانی \"نەبیست (ناشنوا)\"ی کوردی خەڵکی شاری سەقز لە مەلە کردنی ٥٠ میتری \"پروانە\"دا پلەی یەکەمی ئێران و میداڵی زێڕی ئەو رکابەرییەی بۆخۆی مسۆگەر کرد.

\"18720.jpg\"
شۆرش میرزایی وەرزشوانی \"نەبیست (ناشنوا)\"ی کوردی خەڵکی شاری سەقز لە ئێراندا پلەی یەکەمی بەدەست هێنا
شۆرش میرزایی وەرزشوانی کورد وەکوو تاقە نوێنەری ئوستانی کوردستان لەو رەکابەرییانەدا بەشداری کردووە، کە هاوکات تێکڕای ئوستانەکانی ئێرانیش لەو رکابەرییانەدا بەشدارییان کردبوو.

دەگوترێت کە ئەم سەرکەوتنەی شۆڕش میرزایی سەرنجی راهێنەرانی تیمی میللیی بۆ لای خۆی راکێشاوە و بە هۆی ئەو سەرکەوتنەیەوە بۆ ئوردووی تیمی میللیی نەبیستەکانی ئێران بە مەبەستی رکابەریی پاڵەوانییەتیی ئاسیا، کە ساڵی داهاتوو بەڕێوە دەچێت، بانگهێشت کراوە.

ئەو وەرزشوانە کوردە، کەلە رشتەی مەلە کردن لە ئاستی گەورەساڵاندا چالاکی دەکات، ساڵی رابردووش لە هەمان رشتەدا توانیبووی پلەی یەکەمی وڵاتی ئێران بەدەست بێنێت.

وێنە: محەممەد باژین