وەرزشوانێکی سونقووڕ و کولیایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا

10:28 - 27 بەفرانبار 2721

شەوی ٢٥ی بەفرانبار، وەرزشوانێکی کورد بە ناوی "حوسێن ساعدی" خەڵکی شاری سونقووڕ و کولیایی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ زیندانی ئەو شارە، ڕاگوێزرا.

هەواڵدەریی "هێرانا" لەو بارەیەوە نووسیوویەتی؛ ئەو وەرزشوانە لە ماڵەکەی خۆی دەسبەسەر کراوە و پاش پێڕاگەیاندنی تۆمەتەکەی لە دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری سونقووڕ بۆ زیندانی ئەو شارە ڕاگوێزراوە.

ئەو سەرچاوە مافی مرۆییە، دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە کوردەی بۆ "بێڕێزی بە پیرۆزییەکان و بێڕیزی بە پێغەمبەر" لە فەزایی مەجازی گەڕاندبووە.

ئەو سەرچاوەیە لە زاری هاووڵاتییەک بڵاوی کردووەتەوە کە، دەسبەسەرکردنی حوسێن ساعدی لە پەیوەندیی بە نووسینی کامێنتێک لە ئینیستاگرامەکەی خۆی بووە و هەیئەتی وەرزشیی شاری سونقووڕیش ، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک لەو پەیوەندییەدا دژکردەوەی پیشان داوە.

حوسێن ساعدی تەمەن ٥٠ ساڵە یەکێک لە وەرزشوانانی بواری هەڵاتن و لە شاخەوانانی ئەو شارەیە.