وەرزشوانێکی بۆکانی بە ١ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا

15:06 - 9 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: وێنەگر و وەرزشوانیکی کوردی خەڵکی شارستانی بۆکان، پاش دوو مانگ لە دەستبەسەر کرانی، دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران حوکمی زیندانیی تەعزیریی بەسەردا سەپاند.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی چوارشەممەی حەفتەی رابردوو، رێکەوتی ٥ی خەرمانان، فاتێح خوسرەوی، تەمەن تەمەن ٣١ سال و کوڕی محەمەد، لەلایەن دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە دادوەریی جەوادی کیا حوکمی ١ ساڵ زیندانیی تەعزیری بۆ بڕایەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسیەی فاتێح خوسرەوی بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ ئەو وەرزشوانە کوردە، لەلایەن ئیتلاعاتی بۆکانەوە تۆمەتی \"تەبلیغ بە دژی نیزام\" و \"لایەنگری لە یەکێک لەحیزبە کوردییەکان\"ی دراوەتە پاڵ.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، فاتێح خوسرەوی کە بەبێ پارێزەر دادگایی کراوەو ئەو حوکمەی بەسەردا سەپێندراوە، هەتا ئێستا لە گرتنگەی ئیتلاعاتی مەهاباد راگیراوە رەوانەی زیندان نەکراوە.

فاتێح خوسرەوی، کە ماوەی ١١ ساڵە ئەندامی تیمی والیباڵی شارستانی بۆکانە و بەشداریی لە چەندین یاریی میللییشدا کردووە، پێشتریش لە ساڵی ١٣٨٩دا دەستبەسەر و بۆماوەی ١ مانگ لە ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکاندا مابوویەوە، کە دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

ئەو وێنەگرە کوردە خێزاندار و باوکی دوو منداڵیشە، کە هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەر کردنیدا دووکانی وێنەگرییەکەشیان لێ داخستبوو.

 فاتێح خوسرەوی، رۆژی سێ‌شەممە، رێکەوتی ١٠ی پووشپەڕی ئەمساڵ (١٣٩٣)، لە دووکانی وێنەگرییەکەی لە شەقامی \"ئینقلاب\"ی شاری بۆکان دەستبەسەر کرابوو.