وەرزشوانانی کوردی لایەنگری ژینگە چالاکیی ژینگەپارێزییان بەڕێوە برد+وێنە

14:49 - 10 خاکەلێوه 2715
ئاژانسی کوردپا: چالاکانی ژینگەپارێزی و وەرزشوانانی کورد لە دەستپێکی ساڵی نوێدا، شوێنە گەشتیاری و سەیرانگەکانیان لە شارەکانی بانە و بۆکان و مەریوان، لە زبڵ و پاشماوە خاوێن کردەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی رابردوو ژمارەیەک لە وەرزشوانانی تیمی دووچەرخەسواری(ئاشتی) لە شاری مەریوان، لە چالاکییەکی خۆڕسکدا کەناراوی گۆلی زرێبار و سەیرانگەی (بیلوو)یان لە زبڵ و پاشماوەی گەشتیاران داماڵی.

ئەو چالاکییە ژینگەپارێزییە لەژێر ناوی (نەورۆزانەیەک بۆ ژینگە) بەڕێوەچووە، سەرپەرستی تیمەکەش ئامانجی خۆی لەو چالاکییە بۆ خاوێن راگرتنی ژینگە و پەرە پێدانی فەرهەنگی پاراستنی سروشت و ژینگە گەڕاندۆتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، تیمی شاخەوانیی (موقبیل هونەرپەژوو)، دەوروبەری دارەکانی باخی تەپۆڵکەی (بێژنگ بەسەر)یان شی کردەوە.

ئەو تیمە شاخەوانییە، ساڵی ١٣٨٦ لە تەپۆڵکەی بێژنگ بەسەری بۆکان، بە چاندنی دەیان جۆر داری میوە، باخیکیان ئاوا کردبوو.

گرووپی شاخەوانیی موقبیل هونەر پەژوو، ئەستێرێکیشیان بۆ ئاودێری کردنی دارەکان دروست کردبوو، کە هەموو سالێکیش لە وەرزی بەهاردا وێڕای بژار کردن و شی کردنەوەی دەوروبەری دارەکان، کوتیش دەکەنە بن دارەکان.

هاوکات پۆلێک لە دۆستان و لایەنگرانی ژینگەی کوردستان لە شاری بانە، گۆرستانی سڵێمان بەگی بانەیان لە زبڵ خاوێن کردەوە.

چالاکانی بەشدار سەردانی گڵکۆی ئیبراهیم یوونسی نووسەر و وەرگێڕی کورد و تەها کەریمی دەرهێنەری ناسراوی کوردی خەڵکی ئەو شارەیان لە گۆرستانی سڵێمان بەگدا کردووە.

ماوەی دوو ساڵە بزاوتێکی بەرینی ژینگەپاریزی لە کوردستاندا دەستی پێکردووەو لە تێکڕای شار و ناوچەکانی کوردستان چالاکیی جۆراوجۆری ژینگەپارێزی بەبێ پشتیوانیی ناوەندە حکوومەتییەکان بەڕێوەچووە.

\"25751.jpg\"

\"25748.jpg\"

\"25749.jpg\"

\"25746.jpg\"

\"25747.jpg\"

\"25744.jpg\"