وەرزشوانانی کوردستان پلەکانی سەرکەوتن دەبڕن

16:00 - 1 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: \"ئارمین مەحموودی\"، وەرزشوانێکی بواری بیلیارد، لە بیست و دووهەمین خولی کێبڕکێکانی وڵات، توانیویەتی پلەی یەکەمی ئەم کێبڕکێانە بۆ خۆی مسۆگەر بکات.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ئیدارەی گشتیی وەرزش و لاوانی پارێزگای سنە، بڵاوی کردووەتەوە کە، ئارمین مەحموودی توانیویەتی لە کێبڕكێکانی وڵات کە لە پارێزگای فارس بەڕێوە چووە، پلەی یەکەمی ئەم کێبڕکێانە لە وەرزشی بیلیارددا بەدەست بهێنێت.

ناوبراو هەروەها خەڵاتی یەکەمی \"تۆپی ڕەنگاڵەیی\" وڵاتی، وەکوو بەشداربوو لە تیمی مللیی وڵاتدا بۆ خۆی مسۆگەر کردووە. شایانی باسە کە ناوبراو پێشتر خەڵاتی جۆراوجۆری دیکەشی لە ئاستی وڵات و نێودەوڵەتی و جیهانیشدا بەدەست هێناوە.

هەروەها لە بواری کێبڕکێکانی وەرزشی \"بۆکس\"دا، لە ڕەدەی منداڵان و مێرمنداڵاندا، وەرزشوانانی شاری سنە بۆ کێبڕکێکانی وڵات کە لە پارێزگای ئەراکدا بەڕێوەدەچێت هەڵبژێردراون.

هەرلەوپەیوەندییەدا، شەش وەرزشوانی کوردستانی سەر بە فێدراسیۆنی موتوربە کردنی ئاندامانی جەستە، لە بواری مەلە، تێنیسی سەر مێز و بەدمینتۆندا بۆ ئۆردووی تیمی میللیی وڵات، بانگهێشت کراون.

\"تەییب تاهێرپوور، حسێن سۆهرابی، کەیوان تیشەگەران، شیرین ئەحمەدی و گەلاوێژ دارخاڵ\" ئەو شەش وەرزشوانە کوردستانییەن کە ، لە بواری مەلە و بەدمینتۆن و تێنیسی سەر میزدا، سەر بە فێدڕاسیۆنی موتوربە کردنی ئەندامانی جەستە، بۆ ئۆردووی تیمی میللیی وڵات بانگهێشت کراون.

چەند ساڵێکە کە شارە کوردنشینەکانی ئێران، بەردەوام لە بواری جۆراوجۆردا، سەرکەوتن بەدەست دەهێنن و توانیویانە تەنانەت لە ئاستی نێودەوڵەتیی و جیهانیدا بدرەوشێنەوە.