وەرزشوانانی کورد شانازیەکی دیکەیان تۆمار کرد

20:56 - 30 گەلاوێژ 2716
ئاژانسی کوردپا: لە ئەنجامی کێبڕکێ وەرزشییەکان، وەرزشوانانی کورد جارێکی دیکە لێهاتوویی خۆیان سەلماند و دوو مێداڵی زێڕیان لە کارنامەی خۆیاندا تۆمار کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی ٢٨ی گەلاوێژ، وەرزشوانێکی کورد خەڵکی شاری \"دەڕەشار\" بە ناوی \"ئەمیر ڕەزا قوچی\" لە کێشی ٤٠ کیلۆ و لە بواری \" کیک بوکسینگ\" توانی بەسەر ڕکەبەرەکانی خۆیدا سەرکەوێ و شانازییەکی دیکە بە ناوی خۆیەوە تۆمار بکات.

هەڤدەیەمین کێبڕکێی قارەمانیەتی کیک بوکسینگ لە پارێزگای یەزد، بە بەشداری ١٧ تیم بەرێوەچوو، کە ئەو وەرزشوانە کوردە میداڵی زێڕی بەدەست هێنا.

ڕەزا قوچی هەتا ئێستا خاوەنی سێ میداڵی زێڕ و بورۆنزی لە کارنامەی خۆیدا تۆمار کردووە.

هەرلەو پەیوەندییەدا، ئاشۆ ئەحمەدی وەرزشوانێکی دیکەی کورد لە کێبڕکێی قایقڕانی ئیسلالوم، توانی پلەی یەکەم لە نێو ١٣٠ قایقڕان، بەدەست بهێنێ.

کێبڕکێی قایقڕانی لە دوو بەشی لاوان و گەورەساڵان بەڕێوەچوو، کە وەرزشوانی کورد ئاشۆ لە شاری مەریوان پلەی یەکەمی بەدەست هێنا.

کێبڕکی قارەمانیەتی قایقڕانی ئیسلالوم، کە تێدا ١٣٠ وەرزشوان لە ١٤ پارێزگای ئێران بەشداربوون بۆ ماوەی یەک ڕۆژ لە ڕووباری \"زایندە رود\" بەرێوەچوو.

قایقڕانی ئیسلالوم بە ئینگلیسی whitewater slalom یا کانو ئیسلالوم، لە ئاوە خڕۆشانەکان بە خیڕایەکی زۆرەوە بەرێوە دەچێت و یەکەمین کێبڕکێی جیهانی کانو ئیسلالوم لە ساڵی ١٩٤٩ی زایینی لە وڵاتی سوئیس، شاری ژنێف بەڕێوەچووە.