وێنەی سێلفی گیانی کچێکی ئەیوانی ئەساند

15:59 - 5 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: کچێکی کورد لە شاری ئەیوانی پارێزگای ئیلام بە هۆی وێنە کێشانی سێلفیەوە دەکەوێتە نێو بەنداوی کەنگیر و بەهۆیەوە گیانی لە دەست دەدات.

بەپێی هەواڵە بەڵاوکراوەکان، ئەو کچە خەڵکی شاری ئەیوان سەر بە پارێزگای ئیلامە و تەمەنی ٢٠ ساڵە و هەتا ئێستا شوناسی ڕوون نەبووەتەوە.

ئەو کچە تەمەن ٢٠ ساڵە لە بەنداوی کەنگیری ئەیوان، کە خەریکی وێنەگرتنی سێلفی بووە لاقی هەڵدەخلیسکێ و دەکەوێتە نێو ڕووبارەکەو دەخنکێ.

ئەو کچە کوردە لەگەڵ بنەماڵەکەیدا، بۆ سەیران ڕۆیشتبوونە بەنداوی کەنگیر، کە تووشی ئەو رووداوە دەبن.

هەر لەو پەیوەندییەدا هاووڵاتییەکی کوردی تەمەن ١٢ ساڵ بە ناوی \"میدیا ئەحمەدپوور\" خەڵكی گوندی زله هەڵکەوتوو لە ٢٠ کیلۆمیتریی ڕۆژئاوای شاری سەردەشت، لە کاتی کێشانی وێنەی سیلفی‏دا دەکەوێتە ناو چۆمی زاب و لە ئەنجامدا گیانی لەدەست دەدا.

بەنداوی کەنگیر لە بەخشی زەڕنە هەڵکەوتوو لە ١٠ کیلۆمێتری شاری ئەیوان و ٢٠ میلیۆن میتری چوارگوشە ئاو لە خۆ دەگرێت و ٤٢ مێتر بەرزە و ٧٤٠ مێتریش درێژایەتی و لە ساڵ ١٣٧٥ی هەتاویەوە دەست بە سازکردنی کراوە.