وێنەگرێکی سنەیی بە دوو ساڵ زیندانی تەعزیری و تەعلیقی مەحکووم کرا

14:31 - 26 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: دادگای ئینقلابی شاری سنە حوکمی ١ ساڵ زیندانی تەعزیری و ١ ساڵ زیندانی تەعلیقی بۆ وێنەگرێکی کورد لەو شارە بڕیەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ چەند ڕۆژ پێش ئێستا مێهدی تەوەکۆلی، وێنەگری کورد خەڵکی شاری سنە لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بە دوو ساڵ زیندانی تەعزیری و تەعلیقی حوکم درا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو باریەوە بە کوردپای ڕاگەیاند: لقی یەکی دادگای ئینقلاب بە تۆمەتی\"هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی\" ئەو حوکمەی بە سەر ئەو هونەرمەندە کوردەدا سەپاندووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، ئەو حوکمە بە شێوەی فەرمی لەلایەن دادگاوە بە مێهدی ڕاگەیەندراوە.

ئەو وێنەگرە کوردە ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو، لە شاری سنە لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ ماوەی ٣٥ ڕۆژ لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دابوو و دواتر بە دانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا بوو.

ئەو هونەرمەندە کوردە پێشتر چەند پێشانگایەکی لە پێوەندی لەگەڵ \"ئاوارەکانی ئیزەدی شەنگال و کۆبانی لە هەرێمی کوردستان\" لە شاری سنە بەڕێوە بردبوو.