وێنەگرێکی بۆکانی لە نەخۆشخانە لەژێر چاوەدێریی هیزە ئیتلاعاتییەکانە

14:52 - 28 رەشەمه 2717
ئاژانسی کوردپا: وێنەگرێکی کورد، خەڵکی شاری بۆکان، لە کاتی وێنەگرتن لە کێبڕکێی یاری تۆپیپێی \"فوتبال\" نێوان سەرداری بۆکان و شارەداریی بەندەرعەباس لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئینتزامییەکان بە سەختی بریندار بووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی ڕەشەمە، کامران سوڵتانی، وێنەگری تیمی سەرداری بۆکان، لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئینتزامییەکان لە کۆتایی کێبڕکێی یاریی نێوان سەرداری بۆکان و شارەداریی بەندەرعەباس، بەسەختی بریندار بوو.

\"\"
کامران سوڵتانی
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری بۆکان، بە ئاژانسی کوردپای ڕایگەیاند: ئەو وێنەگرە کوردە کە بە هۆی لێدانی هێزە ئینتزامییەکان، بە سەختی بریندار بووە، هەنووکە لە نەخۆشخانە لەژێر چاوەدێریی پزیشکییە.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: هێزە ئیتلاعاتییەکان لە نەخۆشخانە ئەو وێنەگرە کوردەیان خستووتە ژێر چاوەدێرییەوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها سەبارەت بە دۆخی نالەباری یەکێکی دیکە لە لایەنگەرانی تیمی تۆپیپێی سەرداری بۆکان بە ناوی \"سینا پەروەردین\" دەڵێت: کە ناوبراو بە هۆی سەختی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانە شاری بۆکان خەوێندراوە.

لەو پەیوەندییەدا، نووسینگەی سیاسی_کۆمەڵایەتیی فەرمانداری شاری بۆکان، بەبێ ئاماژە کردن بە چۆنیەتی شەڕ و تێکەڵچوونی هێزە ئینتزامییەکان لەگەڵ لایەنگرانی تیمی تۆپیپێی سەرداری بۆکان دەڵێت: \"لە ڕەوتی یاریی نێوان سەرداری بۆکان و شارەداریی بەندەرعەباس شەڕ لە نێوان بینەرەکان و هێزە ئینتزامییەکان ڕووی داوە و لەو پەیوەندییەدا ١٢ کەس لە بینەران بریندار بوون\".