وێنەگرێکی بانەیی وەک ناڕەزایەتییەک، کردنەوەی پێشانگای بەرهەمەکانی هەڵوەشاندەوە

21:14 - 12 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: وێنەگرێکی کورد خەڵکی شاری بانە بە مەبەستی پشتیوانی لە مانگرتنی دوکاندار و بازاڕیانی ئەو شارە، وەک ناڕەزایەتی دەربڕینێک، کردنەوەی پێشانگای بەرهەمەکانی هەڵوەشاندەوە

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئیبراهیم عەلی پوور، وێنەگر و هونەرمەندی ناسراوی بانەیی وەک دەربڕینی ناڕەزایەتییەک لە دۆخی هاووڵاتییانی شاری بانە، کردنەوەی پێشانگایەکی تایبەت بە سەفەری رابردووی خۆی، هەڵوەشاندەوە.

ئەم هونەرمەندە کە لە ئاستی جیهانیدا کار و بەرهەمەکانی ناسراون، پێشتر رایگەیاندبوو کە دوای گەڕانەوە لە سەفەری بۆ باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا بە کردنەوەی پێشانگایەک لە ١٢ هەتا ١٦ بانەمەڕ بەرهەمەکانی دەخاتەڕوو.

ناوبراو لە لێدوانێک لەسەر ئەم هەڵوێستەی خۆی وتوویەتی \"تا کاتێ شارەکەم هەناسەی تێبکەوێتەوە، بڕیاری کردنەوە هەڵدەوەشێنینەوە\".

ئیبراهیم عەلیپوور وەکوو هونەرمەندێکی ئاستبەرز و جیهانی، خاوەنی مێداڵی زێڕی کۆمەڵەی وێنەگرانی ئامریکا و هەروەها ئەندامێکی هەڵسووڕی ئەنجومەنی وێنەگرانی جیهانە و چەندین پلەی جیهانیی لە هەگبەی هونەرییدا هەیە.