وێنەگر_هەواڵنێرێکی کرماشانی لەلایەن پارێزەرەکانی پارێزگارەوە لێی درا

15:47 - 3 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: بەهۆی لێدانی پارێزەرەکانی پارێزگاری کرماشان، وێنەگر_هەواڵنێرێکی کرماشان ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"فەرزاد مەتنی\" وێنەگر هەواڵنێری یەکێک لە هەواڵدەرییەکانی حکوومەتی ئێران، پاش لێدانی پارێزەرەکانی پارێزگاری کرماشان، ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا.

ئەو ڕووداوە لە ڕەوتی ڕۆیشتنی بەرپرسی کۆمیتەی ئیمداد بۆ شاری کرماشان روویداوە و بە وتەی مەتنی \"هەڵسوکەوتێکی نەشیاو لە من ڕووی نەداوە\".

پاش بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، \"خانە مطبوعات\"ی پارێزگای کرماشان، بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەک، وێڕای مەحکووم کردنی ئەم هەوڵەی پارێزەرەکانی پارێزگاری کرماشان ڕایگەیاندووە: \"ڕاگەیاندن کەرەستەی پەیوەندیی نێوان خەڵک و بەرپرسانە و پێکەوە هەڵکردن لەگەڵ راگەیاندن دەتوانێ لەو بوارەدا، چارەسەری زۆر لە کێشەکان بکات و هەروەها بەستێنێک بۆ پێشکەوتن و پەرەپێدان بۆ کۆمەڵگای لێبکەوێتەوە.

لەو نێوەدا، هەواڵنێر وەکوو لێدانی دڵی کۆمەڵگا، پێگە و گرینگیەکی تایبەتی هەیە و هەتا ئەو جێگایە، بە شەهامەتەوە بڵێین کۆمەڵگا بەبێ میدیا و ڕاگەیاندن، کۆمەڵگایەکی مردووە\".

لە بەشێکی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە، وێڕای ڕۆڵ، گرینگی و پێگەی هەواڵنێران و خزمەتە بەرچاوەکانی ئەوان و هەروەها مەترسییە جۆراوجۆرەکانی سیاسی، حقووقی، یاسایی و کۆمەڵایەتی لە بەردەم ئەوان، پشتیوانی و پاڵپشتی کردن لەو چین و توێژە زەحمەتکێش و بێ‌ئیددعا، کارێکی پێویست و جیانەکراوەی کۆمەڵگا و بەرپرسانە، بەو پێیە \"خانە مطبوعات\"ی پارێزگای کرماشان بەپێی ئەرکی زاتی و سێنفی خۆی، هەوڵی ئەم دواییانەی پارێزەرەکانی پارێزگاری کرماشان لە لێدانی ئەو وێنەگر_هەواڵنێرە مەحکووم دەکات و داوای دەستبەجێ ڕوونکردنەوەی ئەو ڕووداوە پێشهاتووە و هەڵسوکەوت لەگەڵ تاوانباران دەکات.\"

خانە مطبوعات پارێزگای کرماشان لەو بەیاننامەیەدا پێداگریی لە سەر ئەوە کردووە کە \"هەتا کاتی ڕوونبوونەوەی ئەو ڕووداوە، بەداواداچوون بۆ ئەو ڕووداوە دەکات و خۆی بە بەرپرسی بەداواداچوون و پێڕاگەیشتن بۆ ئەو پرسە دەزانێت\".