وێبلاگێكی دیكە بە بڕیاری دەزگای قەزایی كرماشانەوە فیلتەر كرا

16:09 - 13 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی كوردپا: یەكێك بە پێشینەترین وێبلاگەكانی رەخنەگری حکوومەت لە كوردستان، بە بڕیاری دادستانی و لەلایەن \" ناوەندی دیاری‌كردنی نووسراوە و ناوەڕۆكە موجریمانە\"‌كان لەئوستانی كرماشان چالاكییەكانی قەدەغە كرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رێكەوتی ١٢‌ی گەلاوێژ، \"قەسرنیوز\" لە بناخەدارێژەرانی وێبلاگی رەخنەئامێز لە ئوستانی كرماشان لەسەر بڕیاری دادستانی فیلتەر كرا.

ئەو وێبلاگە پێشینەی ١١ ساڵ چالاكیی لە بواری راگەیاندن و دانی زانیاری و هەروەها رەخنەگرتن لە كار و كردەوەكانی ناوەندە دەوڵەتییەكان هەبوو.

كۆنترۆڵی وێبلاگ و ماڵپەڕە ئینتێرنێتییەكان و هەروەها فیلتەر كردنیان لە گرینگترین ئەركەكانی \"كار گرووهی دیاری كردنی نووسراوە و ناوەڕۆكی موجریمانە\"‌یە و ئەو ناوەندە بەپێی مادەی ٢٢‌ی یاسای تاوانی رایانەیی دامەزراوە.

ئەو ناوەندە لە لیستەی ئەو ناوەندانەی دیكەی حكوومەتی ئیسلامی دایە، كە لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە گەمارۆیان خراوەتە سەر.

دوو حەفتە لەمەوبەریش ماڵپەڕی \" حیزبی تەوسەعە\" لە رەخنەگرانی دەوڵەت و ئوستانداریی كرماشان، چالاكییەكانی قەدەغە كرابوو.

هەر لەو پێوەندییەدا و لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا سێ‌رۆژنامەنووسی كورد بەناوەكانی عەلی محەممەد ئیسلام‌پوور، فەرزاد پوورمورادی و ئەمیر ساڵحی بانگهێشتی لقی ٣‌ی دادسەرای گشتیی و \"ئینقلاب\"‌ی كرماشان كرابوون.

لەو باریەوە \"كرماشان پۆست \" بڵاوی كردبووە، شێوازی هەڵسوكەوت لەگەڵ رەخنەگران لە ئوستانی كرماشان لەو ماوەیە بە بەراورد لەگەڵ پێشوو بێ‌وێنە بووە و ئەو فشارانەش دەگەڕێتە بۆ رەخنەی رۆژنامەنووسان لەكار و كردەوەكانی ئیبراهیم رەزایی بابادی ئوستانداری كرماشان.

بەپێی راپۆرتە جیهانییەكان حكوومەتی ئێران یەكێك سەركوتكارترین دەوڵەتەكانی جیهان لە بواری ئازادی راگەیاندن و زانیاریدایە و بە چەشنێك كە لە ریزبەندی جیهانی ئازادی چاپەمەنی لە ساڵی ٢٠١٤‌دا لە نێوان ١٨٠ وڵاتی جیهاندا پلەی ١٧٣‌ی هەیە.