كوژرانی مێرمنداڵێكی تەمەن 13 ساڵەی كورد لە سنووری ئێران و توركیە

20:59 - 28 گەلاوێژ 2712
ئاژانسی كوردپا: رێكەوتی 17ی گەلاوێژ مێرمنداڵێكی تەمەن 13 ساڵەی كورد بەناوی \"فەیاز زانگین\" كوڕی محەممەدرەشید خەڵكی یەكێك لە گوندە سنوورییەكانی كوردستانی توركیە بە دەستڕێژی گوللەی كەسێكی نەناسراو كوژرا.

هەواڵنێری كوردپا لەم پێوەندییەدا رایگەیاند: فەیاز كوڕی بنەماڵەیەكی دەستەنگ بووە و بۆ بژیوی ژیانی بنەماڵەكەی، لە رێگای كۆڵبەرییەوە لە سنووری چالدوران سەرقاڵی گواستنەوەی گازۆئیل بووە.

تەرمی ئەو مێرمنداڵە لە شوێنی رووداوەكە بە خاك سپێردراوە كە پاش چەند رۆژ لەلایەن دانیشتوانی گوندە سنوورییەكانی ئێرانەوە تەرمەكەی لەو شوێنە دەرهێنراوە و رادەستی بنەماڵەكەی كراوەتەوە.

هەتا كاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لەمەڕ ناسنامەی بكوژی ئەو مێرمنداڵە كوردە زانیارییەك بڵاو نەكراوەتەوە.

بەپێی ئاماری ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لە سەرەتای مانگی گەلاوێژەوە هەتا ئێستا ئەمە دووەمین هاووڵاتیی كوردی غەیرە ئێرانیە كەلە ناوچە سنوورییەكانی كوردستانی ئێران بەهۆی دەستڕێژی گوللەوە دەبنە قوربانی.