كوژرانی سێ‌هاووڵاتیی كورد لەریزەكانی داعش و پەیوەست بوونی ١١ لاوی كرماشانی بەو گرووپە

14:25 - 28 خەزەڵوەر 2714
ئاژانسی كوردپا: لەماوەی دوو حەفتەی رابردوودا سێ‌لاوی خەڵكی شاری مەهاباد لەریزەكانی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامیی ناسراو بە داعشدا كوژراون و دەوترێت كە ١١ لاوی کورد لە ئوستانی كرماشانەوە پەیوەست بە ریزەکانی ئەو گرووپە چەكدارە بوون.

بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا لەشاری مەهاباد، لەماوەی دوو حەفتەی رابرددودا سێ‌لاوی تەمەن ١٦ بۆ ٢٠ ساڵ لەریزەكانی داعش و لەشەڕی دژی پێشمەرگەدا كوژراون.

\"م. ن\" تەمەن ١٦ ساڵ، \"ش.ن\" تەمەن ٢٠ ساڵ و \"ر.س\" ئەو سێ‌لاوە كوژراوەن و هەواڵنێری كوردپا لەزاری هاووڵاتییانەوە رایگەیاندووە، بنەماڵەی ئەو سێ‌كەسە تەرمەكانیان بەدەست نەگەیشتۆتەوە، بەڵام لەهەواڵی كوژرانی كوڕەكانیان ئاگادار كراونەتەوە.

ئەوی سێ‌لاوە دانیشتووی گەرەكەكانی \"بەری شیلانان، مەلا خەلیل و باغی شایەگان\"‌ی شاری مەهابادن.

بەوتەی شایەتحاڵان لە ماڵی كوژراوەكان پرسە و سەرەخۆشی دانراوە و كەم تاكورتێك خەڵكی سەردانیان دەكەن.

بەپێی دوایین زانیارییەكان ئەو سێ‌كەسە لە بەرەكانی شەڕ دژی پێشمەرگە لە كەركووک و ناوچەكانی دەورووبەری مووسڵ كوژراون.

ناوی و شوناسی تەواوی ئەو سێ‌لاوە كوردە لەلایەن ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپاوە پارێزراون.

لەلایەكی دیكەوە گرووپی داعش لەتۆڕەكۆمەڵایەتییەكانی(پشتیوانانی خیلافەت) بڵاویان كردۆتەوە كە بەم دوایانە ١١ لاوی خەڵكی كرماشان، سەرپێڵ زەهاو و روانسەر كە بە \"موهاجیر\" ناوی لێبردوون، پەیوەست بە ریزەكانیان بوون.

ئەو گرووپە باسیان لەوەش كردووە ئەو ١١ لاوە بە مەبەستی جیهاد روویان لە پارێزگای دیالەی عێراق كردووە و لەلایەن داعشەوە وەرگیراون.

خیلافەتی دەوڵەتی ئیسلامی، پێشتریش لە لاپەڕەی \"پشتیوانانی خیلافەت\"دا نووسیوبووی: \"لە ماوەی ١٠ مانگدا٢٣ لاوی كوردی خەڵكی شارەكانی بۆكان، مەهاباد، سەقز و جوانڕۆ هاتوونەتە ناو خەلافەتی ئیسلامییەوە.

ماوەیەک پێش ئێستا مەسروور بارزانی راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی \"شرق الاوسط\" ژمارەی كوردەكانی ناو داعشی ٢٠٠ كەس راگەیاندبوو.