كوژرانی 279 كەس لە شەو و رۆژێك/دەسپێكی ئۆپەراسیۆنی بوركانی باكوور لە حەڵەب

15:30 - 10 خەرمانان 2712
ئاژانسی كوردپا: لە پەرچەكردار بە لێدوانەكانی بەشار ئەسەد \"لەشكری جوامێرانی سووریە\" ئۆپەراسیۆنێكیان بەناوی بوركانی باكوور لە حەڵەب دەست پێكردووە.

بەپێی راپۆرتی ئەلعەرەبیە و سەرچاوەی دژبەران ئەمڕۆ هەینی شەڕ و پێكدادانێكی قورس لە نێوان ئەرتشی حكوومەتی بەشار ئەسەد و ئەرتشی ئازادی سووریە لە ناوچەكانی ئەلزەهرا و ئەلیەرموون و بینای ناوەندی هەواڵگریی سووریە لە شاری حەڵەب دەستی پێكردووە.

هاوكات كۆمیتەی هاوئاهەنگیی شۆڕشی سووریە بڵاوی كردۆتەوە كە هێزەكانی ئەرتشی حكوومەتی سووریە شاری \"دەیر ئەلعەسافیر\" و گوندەكانی دەورووبەریان بە چەكی قورسی تۆپ و خومپارە بۆمباران كردووە.
\"5890.jpg\"
بەپێی هەمان راپۆرت ئەرتشی سووریە گوندی \"حالات\" هەڵكەوتوو لە \"تلكلخ\"ی سەر بە شاری حومس و هەروەها ناوچەی \"سەلاحەدین\"ی لە حەڵەب داوەتە بەر مووشەك و كاتیۆشا و خومپارە.

كۆمیتەی هاوئاهەنگیی شۆڕشی سووریە ئاشكرای كردووە كە 16 هاووڵاتیی دژبەر بەدەستی دەست و پێوەندییە ئەمنیەتی و لیباس شەخسییەكانی حكووومەتی سووریە لە گوندی \"ئەلكەریم\"ی شاری حومس ئیعدام كراون.

بەپێی تۆڕی هەواڵی \"شام\" كە سەر بە دژبەرانی حكوومەتی سووریەیە لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا لە شارە جیاجیاكانی سووریە لانیكەم 279 كەس بەدەستی هێزە ئەمنیەتییەكانی حكوومەت كوژراون.