ون بوونی دۆسیەی دادگا، ١٠ ساڵ زیندانی بەدواوە بوو

15:42 - 14 خاکەلێوه 2716
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکەی بەپیشینەی کورد بەهۆکاری ون بوونی دۆسیەی دادگاییەکەی حوکمی دەرچوونی ٢٥ ساڵ زیندانییەکەی بۆ ٣٥ ساڵ درێژکرایەوە.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حوکمی ٢٥ ساڵ زیندانی عوسمان مستەفاپوور لە چەند حەوتووی ڕابردوودا بە کۆتایی دەگەیشت بەڵام بەهۆی کەمتەرخەمی بەرپرسانی دەزگای دادوەری ئەو ماوەیە بۆ ١٠ ساڵی دیکە بەردەوام دەبێت.

\"زندانیانڕێبەندانی ٣ ساڵ لەمەوبەر دادوەرێکی شاری ورمێ حوکمی زیندانیی عوسمان مستەفاپووری بە تۆمەتی \" بەشداری کردن لەشەڕی دژ بە سپای پاسداران\" بۆ ٣٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری زیاد کرد.

هەروەها دۆسیەی دادگایی ئەو هاووڵاتییە کوردە لە نێو ئارشیوی دەزگای دادوەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا ون بووە ئەوەش لە بڕینەوە و سەپاندنی ١٠ ساڵ زیندانیی کاریگەری هەبووە.

ناوبراو کە چالاکی یەکێک لە حیزبە کوردییەکان بووە، لەماوەی ٢٥ ساڵی ڕابردووشدا لەهەرچەشنە مەرەخەسی مەرجدار بێ بەش کراوە و بەوتەی برایەکی ئەو زیندانییە؛ عوسمان بەهۆی مانەوەی زیاتر لە دوو دەیە لەزیندان و ئەشکەنجەی مەئموورانی ئەمنییەتی لە کاتی دەستبەسەر کرانیدا تووشی نەخۆشیی دڵ و هەروەها ئازاری لاق بووە.

سەرچاوەکانی هەواڵ لە ورمێ باسیان لەوە کردووە کە لەم ڕۆژانە ئەندامێکی بنەماڵەی مستەفاپوور سەردانی گرتووخانەی \"دەریا\"ی کردووە و چاوی بە عوسمان کەوتووە.

عوسمان مستەفاپوور ساڵی ١٣٧٠ هاوڕی لەگەڵ شەش كەسی دیكە لە چالاكانی سیاسیی كورد لە ورمێ‌ دەستبەسەر كرا كە دوو كەسیان ئیعدام كران و چەند كەسیشیان حوكمی درێژخایەنی زیندانیان بۆ بڕایەوە.

ناوبراو سزای لەسێدارەدانی بۆ برایەوە و پاشان ساڵی ١٣٧٢ حوکمەکەی بۆ ١٠ ساڵ زیندانیی تەعزیری کەم کرایەوەو ساڵی ١٣٧٩ لە کاتێکدا چاوەڕوانی ئازادی بوو، حوکمی ١٥ ساڵی دیکەی بەسەردا سەپێندرا و سەرئەنجام لەکۆتاییەکانی مانگی رێبەندانی ساڵی ١٣٩٢ پاش ٢٣ ساڵ دەستبەسەری، سەرلەنوێ حوکمی ١٠ ساڵ زیندانیی دیکەی بۆ بڕایەوە.

ناوبراو لە ڕەنجنامەیەکدا کە لە ساڵی ١٣٩٠دا بڵاوی کردەوە، داوای لە رێپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان (ئەحمەد شەهید)، چاوەدێری مافی مرۆڤ و كۆمەڵگەی جیهانی و هەموو مرۆڤە ئازادیخوازەكان و ویژدانە بەخەوەرەكانی سەرانسەری دونیا کردبوو، كە لەبارەی رەوتی دادگایی و بە فیڕۆ چوونی زیاتر لە بیست ساڵ لە تەمەنی و لاویەتی لە زیندانەكانی كۆماری ئیسلامیدا، لێکۆڵینەوە بکەن.

لینكی پەیوەندیدار:
زینداییەکی سیاسیی کورد پاش نزیک بە ٢٣ ساڵ مانەوە لە زیندان، ١٠ ساڵ زیندانیی دیکەی بەسەردا سەپا
بەپێشینەترین زیندانیی سیاسیی کورد تووشی نەخۆشی بووە
رەنج نامەی دڵته‌زێنی دوو زیندانیی سیاسیی كورد پاش زیاتر لە ٢٠ساڵ زیندان