ئومید ئەحمەدیان: چالاكیی چاندنی بەڕوو چیدیكە تایبەت بە ئەنجومەنی ماپرێس و شاری جوانڕۆ نییە

15:50 - 29 سەرماوەز 2714

 

ئاژانسی كوردپا: زیاتر لە پێنج ملیۆن هێكتار لە زەویی و دارستانەكانی زنجیرە چیای زاگرۆش بە دار بەڕوو داپۆشراوە و مەترسیی لەناو چوونی لە سەدا ٤٠ی ئەو دارستانە ئوستانداری ١٢ ئوستانی لە ئیلام لە دەوری یەكتر كۆكردەوە.
شوێنی ژیانی ٣٠% لە حەشیمەتی ئێران، توانای كۆكردنەوەی زیاتر لە ٥٠ میلیارد میتری سێ‌جا ئاوی باران لە یەك ساڵدا، شوێنی دابین كردنی دار بۆ گرم كردنەوەی ٨٠% حەشیمەتی وڵات و ... لەو تایبەتمەندیانەی لێڕەوارەكانی بەڕووی زاگرۆسن.

هەنووكە ئەو ژینگە و ناوچە سروشتییە لەحاڵی لەناو چوون دایە، بەچەشنێك كە بەپێی ئامارەكان یەك ملیۆن و ٤٠٠ هەزار هێكتار لەو لێڕەوارانە هەتا ئێستا ویشك و یان لە بەرەبەریی ویشكبوون دان كە سەد و ٨٤ هێكتاری تەنیا لە ئوستانەكانی كرماشان و ئیلام دان.

\"مێمڵ(آفت)\" و بەتایبەت دارەخۆرەكان رۆڵی بەرچاویان لە رەوتی لەناوبردنی دار بەڕووەكاندا هەیە و چەندین جۆر كرم و پەپووڵەی گەڵاخۆر لەو ناوچانەدا بوونی هەیە.

\"23728.jpg\"

 

كەمپەینی چالاكی چاندنی بەڕوو ئێستاكە نزیك بە یەك هەزار ئەندامی هەیە

چەند ساڵ لەمەوبەر ماڵپەڕی فەراروو لە راپۆرتێكدا، وێڕای باس کردن لە كەمتەرخەمی ناوەندە پێوەندیدارەكان سەبارەت بەو لێڕەوارانە، رایگەیاندبو؛ بایەخدان بە لێڕەوارەكانی باكووری ئێران وایكردووە كە لێڕەوارەكانی ناوچەی زاگرۆس لە ٥٠ ساڵی رابرددوە هەتا ئێستا لەبیر بكرێن.

حەفتەی رابردوو سەرپەرەستی پڕۆژەی پاراستنی لێڕەوارەكانی زاگرۆس باسی لەوە كردبوو، نزیك بە یەك هەزار میلیارد تمەن بودجەی لەبەرچاو گیراو بۆ بووژاندنەوەی داربەڕووەكان دەستی بەسەردا گیراوە و شۆرای باڵای پاراستنی ژینگە پشتیوانی لەو گەڵاڵەیە ناكات.

روانین و لێكدانەوە لەسەر زاگرۆسێكی بێ‌داربەڕوو لەنێوان چالاكانی ژینگەپارێزی بۆتە هۆی ئەوەی كەبەرگریكارانی ئەو بوارە لە جوانڕۆ سەبارەت بە لەناوچوونی لێڕەوارەكان كەمپەینێكیان وەرێ‌خستووە.

یەكێك لە دامەزرێنەرانی ئەو كەمپەینە كۆمەڵایەتییە لەلێدوانێكدا بۆ ئاژانسی كوردپا باسی لە رەهەند و بەرنامەكانی كردووە و دەڵێ‌: ئەو چالاكیە تەنیا تایبەت بە لێڕەوارەكانی جوانڕۆ نییە و پەلوپۆی هاویشتۆتە بۆ زیاتر لە ١١ شاری كوردستانی ئێران و هەرێمی كوردستان.

لەو چالاكییە بە كۆمەڵەدا، هەر كەسێك بە چاندنی سێ‌بەڕوو، سێ‌هەتا پێنج كەس لە دۆستانی خۆی بانگهێشتی ئەو چالاكیەی دەكات و گرتە ڤیدیۆیەكەی لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكاندا بڵاە دەكاتەوە.

ئومید ئەحمەدیان وێڕای بە هیوابوونی لەچالاكی ئەو كەمپەینە هوشداری ئەوەشی داوە، كە لێكدانەوە هەڵە و راوێژنەكردنەكان دەبێتە هۆی لەناو چوونی ژینگەی سەرسەوزی زاگرۆس.

كەمپەینی چالاكی چاندنی بەڕوو ئێستاكە نزیك بە یەك هەزار ئەندامی هەیە.

دەقی وتووێژی دامەزرێنەری كەمپەینی چاندنی بەڕوو:

كوردپا: كەمپەینی چاندنی بەڕوو بەچ شێوەیەك چالاكی دەكات و ئامانج لەدامەزراندنی چییە؟
ئومید ئەحمەدیان: كەمپەینی چاندنی بەڕوو لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا داوا لەهاووڵاتیان دەكات كە بەشداری لەچالاكی ژینگەپارێزیدا بكەن و بە سەرنجدان بەوەی كە لێڕەوارەكانی زاگرۆس لە بەرەبەریی لەناوچوون دان و هەروەها باس لەوە دەكات كە لێڕەوارەكان وەكوو مرۆڤ، ئاژەڵ و هەموو گیانلەبەرێک دەكەوێتە بەر هێرشەوە و بەم پێیە ئیدارەی ژینگەپارێزیی شارستانی جوانڕۆ و ئەنجومەنی سەوزی ماپرێس داوا لە هاووڵاتییان دەكات كە لەو چالاكیانەدا بەشدار بن.

\"23702.jpg\"

ئەو چالاكییە تەنیا تایبەت بە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نیە

كوردپا: ئەو كەمپەینە سەرەتا لە جوانڕۆوە دەستیپێكرد، پێشوازی هاووڵاتیانی دیكەی كورد لەشارەكانی كوردستان بە چ شێوەیەك بووە؟
ئومید ئەحمەدیان: چالاكی لایەنگرانی ژینگەپارێز لە تۆڕەكۆمەڵایەتیەیكان زۆر كاریگەر و بەربڵاو بووە بە چەشنێك كە چالاكیی چاندنی بەڕوو ئەمڕۆكە تایبەت نیە بە ئەنجومەن یان شارستانی جوانڕۆ و لاوانی شارەكانی دیكەی كوردستانیش بۆ وێنە شارەكانی نەغەدە، پاوە، سەردەشت، رەوانسەر، شنۆ، سنە، سەلاسی باوەجانی، ئیلام، مەهاباد، مەریوان، پیرانشار، هەولێر و سلێمانیە لەو گەڵاڵە كۆمەڵایەتیەیدا بەشدارن.

كوردپا: دامەزرێنەرانی كەمپەینەكە رەوتی پشتیوانی لەلێڕەوارەكان چۆن هەڵدەسەنگێنن و ئاخۆ لێی رازین؟
ئومید ئەحمەدیان: من وەكوو چالاكێكی ژینگەپارێز لەرەوتی ئەو پشتیوانیە بەتەواوەتی رازی نیم و پێویستە دەوڵەت بایەخی زیاتر بە داربەڕووەكان بدات و ئەگەر رەوتی لەناو چوونەكان درێژە بكێشێ‌چیدیكە ناتوانین سایەتی زاگرۆسێكی سەر سەوز ببن و ئەمەش لەحاڵێكدا كە دەوڵەت بوودجەیەكی بۆ ئەو مەبەستە لەبەچاو گرتووە.

كوردپا: بۆچی بە بەڕوو دەستتان پێكرد؟
ئومید ئەحمەدیان: هەڵبژاردنی بەڕوو بە چەند مەبەستی دیاریكراو بوو، لە راستیدا بەڕوو تایبەت بە ژینگەی ناوچەی زاگرۆسە و پێویستی بە ئاو نیە و تەنیا شەداری گڵ دەڕوێنێ‌و هەروەها لەماوەی چەند ساڵە رابردوودا رێژەیەكی زۆر لەو دارانە بەهۆی مێمڵەوە لەناوچوون و پێویستیان بە بووژاندنەوە هەبووە.

كوردپا: هاودەنگی ناوەندە حكوومەتیەیكان بەتایبەت ئیداری ژینگەپارێزی كوردستانی ئێران لە گەڵ كەمپەینەكە بەچ شێوەیەك بووە؟
ئومید ئەحمەدیان: ئیدارەی ژینگەپارێزی جوانڕۆ بە خۆی پێشەنگی چالاكییە ژینگەپارێزەكانە و یەكێك لە پشتیوانیانی سەرەكیی ئەو كەمپەینە بەرصرسی ژینگەپارێزی شارستانی جوانڕۆیە.

كوردپا: بە رای ئێوە ئەو چالاكیانە هەتا چەندە دەتوانێ‌هاووڵاتیان هوشیار بكاتەوە و كێشە و كەم و كۆڕییەكان كەم بكاتەوە؟
ئومید ئەحمەدیان: وەرێ‌خستنی كەمپەینی لەم چەشنە كارێگەریی لە فەرهەنگسازیدا هەیە و هەروەها دەتوانێ‌یارمەتی بدات بە رەواندنەوەی كێشە ژینگەپارێزییەكان لە ناوچەدا و وا دەكات كە هاووڵاتیان ئوگری ژینگە ببن.

كوردپا: بێجگە لە تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان، چ بەرنامە و گەڵاڵەیەكتان لە نێوكۆمەڵگادا لەبەر چاو گرتووە؟
ئومید ئەحمەدیان: ئەو چالاكییە تەنیا تایبەت بە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نیە هەر چەندە بەشی هەرە زۆری چالاكیەكانمان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانە بەڵام لە زۆربەی شارەكان بەتایبەت جوانڕۆ لە قاڵبی تیمدا چالاكی دەكەین.

وتووێژ: دیاکۆ کوردستانی