ئومید مەعرووف بە دوو ساڵ زیندان مەحکووم کرا

12:18 - 12 خاکەلێوه 2722

هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئومید مەعرووف" خەڵکی گوندی "ئاڵیاوێـ"ـی شاری شنۆ، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئەو شارە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ڕەزایی" بە دوو ساڵ زیندان مەحکووم کرا.

کۆبوونەوەی دادگایی کردنی ئەو هاووڵاتییە ساڵی ڕابردوو، لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری شنۆ بەڕێوە چوو و دادگا ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" تۆمەتبار کردبوو.

ئەو حوکمە ڕۆژی یەکشەممە ٧ی خاکەلێوە، بە شێوەی فەرمی بە ئومید مەعرووف ڕاگەیەندرابوو.

ئومید مەعرووف کۆتاییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ٩٩، پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی، لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ، بۆ زیندانی شنۆ ڕاگوێزرابوو و ڕۆژی ١ی ڕێبەندانی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتە هەتا کاتی دادگاییەکی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرابوو.

ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی سەرماوەزی ساڵی ٩٩، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردبووە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە و ناوبراویان دەسبەسەر کردبوو.