وشکبوونی ئێجگاریی گۆلی ورمێ بەپێی دوایین وێنەکان

22:17 - 25 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: لە بەرەبەری وشکبوونی یەکجاریی گۆلی ورمێ، (سەرهەڵدانی تۆفانی خوێ، بڵاوبوونەوەی چەندین نەخۆشی، لەناوچوونی بوونەوەری ئارتیما، وشکبوونی دار و گیای ناوچەکە)، ئەو ئاسەوار و پاشهاتەنەن کە هەڕەشە لە دانیشتوان و خەلکی ناوچەکە دەکات.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەگەڵ گەرمبوونی وەرزی هەوا رۆژ لە دوای رۆژ ئاوی گۆلی ورمێ روو لە کەمبوون دەکات و هەنووکە ٩٣ لەسەدی ئاوی گۆلی ورمێ وشک بووەو ئەو رێژەیەش رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر دەبێت.

ئاوی گۆلی ورمێ لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەهۆی بەستنی چەندین بەنداو لەسەر سەرچاوە ئاوییەکانی ئەو گۆلە، بەردەوام رووی لە کەمی کردووەو بەرپرسانی حکوومەتیش، یەک لەدای یەک بەڵینیی چارەسەر کردنی کێشەی گۆلی ورمێ‌یان بە دانیشتوانی ناوچەکە داوە، ئەوەش لە کاتێکدایە، کە بە وتەی کارناسان گۆلی ورمێ دوایین رۆژەکانی تەمەنی تێپەر دەکات.

حەسەن رۆحانی سەرکۆماری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا لە شاری ورمێ رایگەیاندبوو: یەکەمین کاری دەوڵەتەکەی بوژاندنەوەو رزگار کردنی گۆلی ورمێ لەو قیرانە هەنووکەییەی دەبێت، بەڵام پاش تێپەڕبوونی ١ ساڵ بەسەر بە دەسەڵات گەیشتنی رۆحانیدا، بچووکترین ئاوڕ لە گۆلی ورمێ نەدراوەتەوە.

کەمتەرخەمییەکانی دەوڵەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، بەردەوام ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی کورد و تورکی سێ ئوستانی کوردستان، ئازەربایجانی رۆژئاوا، ئازەربایجانی رۆژهەڵات و تەنانەت تەورێزیشی لێکەوتۆتەوەو لە رۆژانی رابردووشدا نزیک بە ٥٠٠ کەس لە هاووڵاتییانی کورد و تورک بە نیشانەی ناڕەزایەتیی دەربین بە بێ هەڵوێستیی دەوڵەت لەمەڕ ئەو قەیرانەی کە داوێنی خەڵکی ناوچەکەی گرتووە، لە بەر دەم بازاڕی نیکخاهی شاری ورمێ خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و ژمارەیەک لە هاووڵاتییان لەلایەن هیزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران.

کێشە و قەیرانەکانی وشکبوونی گۆلی ورمێ هەڕەشە لە گیانی ٥ ملیۆن هاووڵاتیی کورد و تورک لە ناوچەکە دەکات و بە بڕوای کارناسانی ژینگە، لە ئەگەری دروستبوونی تۆفانی خوێ و سەرهەڵدانی کارەسات و نەخۆشییەکانی پاش وشکبوونی ئەو گۆلە، دانیشتوانی ناوچەکە دەبێ بە ناچاری زێدی خۆیان بەجێ بێڵن.

وێنـــه: ندای ئورومیه
\"20535.jpg\"

\"20536.jpg\"

\"20537.jpg\"

\"20538.jpg\"

\"20539.jpg\"

\"20540.jpg\"

\"20534.jpg\"