وشکبوونی ١٠٠ هەزار هێکتار داربەڕووی لێڕەوارەکانی ئیلام

22:07 - 9 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسێکی حکوومەتی لە شاری ئیلام باسی لە رەوتی خێرای وشکبوونی دارستانەکان بە تایبەت دار بەڕووەکانی ئەو ئوستانە کرد و نیگەرانیی خۆی دەربڕی.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەپێی دوایین لێکۆڵینەوەکان، هەنووکە رووبەری یەک ملوێن و ١٣١ هەزار هێکتار لە دارستانە بەرووەکانی ناوچەی زاگرۆس، بەهۆی ئافەتی خەڵووزەوە لەناوچوون.

ناوچەی زاگرۆس، دارستان و لێڕەوارەکانی ١١ ئوستانی وەک ئازەربایجانی رۆژئاوا، کوردستان، کرماشان، لوڕستان و فارس و ... لەخۆ دەگرێت.

هەواڵدەریی \"مێهر\" لە زاری بەرپرسی گشتیی سەرچاوە سروشتییەکانی ئوستانی ئیلامەوە بڵاوی کردۆتەوە، لە چەند ساڵی رابردوودا وشکبوونی دار بەروەکان دەستی پێکردووەو هەتا ئێستا رووبەری زیاتر لە ١٠٠ هەزار هێکتار لەو داڕبەڕووانە وشک بوونە.

رووبەری دارستانەکانی ئوستانی ئیلام، کە بە بووکی زاگرۆس ناسراوە، زیاتر لە ٦٤٠ هەزار هێکتارە پێکهاتووە، کە ٩٠ لەسەدی ئەو لێڕەوارانە دار بەڕوون.

رەزا ئەحمەدی لەدرێژەدا باسی لەوەش کردووە، هەنووکە زیاتر لە ٥٥٠ هەزار هێکتار لە دارستانەکانی ئوستانی ئیلام لە بەرەبەری وشکبوون‌دان.

پێشتریش بەرپرسی ئیدارەی جەنگەڵبانیی ئێران دۆخی دار بەڕووەکانی کوردستانی \"ناڕوون\" وەسف کردبوو، کە بڕینی ١٨ ملوێن دار، رەوتی زیانبینین و لەناوچوونی لێرەوار و دارستانەکانی دوو بەرابەر کردۆتەوە.

لایەنە پەیوەندیدارەکان بەهۆی زانیاریی ناردوستەوە، لە وەرزی زستاندا دەستیان بە بڕینەوەی دار بەرووە نەخۆشەکان کردبوو، بەڵام ئەو دارانە لە سەرەتای بەهاردا (گەڵا و لپ)یان دەرکردبوو.

بەگوتەی کارناسان، بەردەوامیی وشکەساڵی، مۆرکە، کەمیی باران بارین، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی هەوا، کەمبوونەوەی ئاوی ژێرزەوی و تەپ و تۆز و خۆڵبارین بە هۆکارە سەرەکییەکانی لەناوچوونی لێڕەوارەکان ئەژمار دەکرێت.

سەرەڕای ئەوەیکە وڵاتی ئێران ١٢٥ ملوێن هێکتار دارستان و لێڕەواری لەخۆ گرتووە، بەڵام بۆ چاوەدێری و پاراستنی ئەو لێڕەوار و دارستانانە تەنیا ٢٤٠٠ کەس لە ناوەندە پەیوەندیدارەکان کار دەکەن.