وشکبوونی ١٨٤ هەزار هیکتار لێڕەواری ناوچەکانی ئیلام و کرماشان

21:06 - 5 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: لەکۆی یەک ملوێن و ١٦٩ هەزار هیکتار دارستانی دوو ئوستانی ئیلام و کرماشان، زیاتر لە ١٨٠ هەزار هیکتاری لێ وشک بووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانیدا سێ هۆکاری وشکبوونی زیاتر لە ١٢٠ هەزار بن داری لێڕەوارەکانی ئوستانی کرماشان، دەستنیشان کرا.

مێمڵی لوڕانس (مێخۆر)، سیسرکی دارخۆر و کارگ (قارچ)ی خەڵووزیی داربەڕوو، ئەو سێ هۆکارەن کە بەرپرسی گشتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی ئوستانی کرماشان ئاماژەی پێکردووە.

رووبەری دارستانەکانی زاگرۆس لە ئوستانی کرماشان ٥٢٧ هەزار هیکتار مەزندە کراوە.

حوسێن سەلیمی لە لێدوانێکدا بە هەواڵدەریی ئیسنای راگەیاندووە؛ \"رێژەی وشکبوونی لێڕەوارەکانی ئوستانی کرماشان لە سەدا ٢٠ بۆ ٧٠، جیاوازە.

ئەو بەرپرسە حکوومەتییە گوتووشیەتی، هەتا ئێستا هۆکاری سەرەکیی وشکبوونی لێڕەوارەکانی ئەو چوار ئوستانە کوردنشینە روون نەبووەتەوە و زۆربەی کارناسان لەو باوەڕەدان دۆخی لێڕەوار و دارەکان رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو خراپتر بوون دەچن.

پێشتر بەرپرسی گشتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی ئوستانی ئیلام راگەیاندبوو؛ لە چەند ساڵ پێش ئیستاوە زیاتر لە ١٠٠ هەزار هیکتار رووبەری لێڕەوارەکانی ئوستانی ئیلام کە داری بەروون، بە تەواوەتی وشک بوون و رووبەری وشکبوونەکەش رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر دەبێت.

رووبەری لێڕەوارەکانی ئوستانی ئیلام کە بە بووکی زاگرۆس ناسراوە، زیاتر لە ٦٤٠ هەزار هیکتارە، کە لە سەدا ٩٠ی دارەکان لە داری بەڕوو، لە سەدا ٦ داری پستەی کێوی (بنە) و ئەوەی دیکەش لە چەندین جۆر داری کێوی پێکهاتووە.

ناوچەی زاگرۆس رووبەری دارستانی ١١ ئوستانی ئیلام، ورمێ، کوردستان، کرماشان، لوڕستان، فارس و لە خۆ دەگرێت، کە زیاتر لە ١٨٠ جۆر گژ و گیا دار و بنچکە داری تێدا بەر چاو دەکەوێت.