وشکبوونی نزیک بە ٥ هەزار کیلۆمیتری چوارگۆشە لە گۆلی ورمێ/ وەرزێڕەکان دەست لە وەرزێڕی هەڵگرن

22:00 - 30 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: پانتایی گۆلی ورمێ لە ماوەی ١٧ ساڵی رابردوودا لە ٥٧٠٠ کیلۆمیتری چوارگۆشەوە بۆ ٧٥٠ کیلۆمیتر کەمی کردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، نوێنەری پلانڕێژیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وڵاتی ئێران (UNPD) وێڕای رەخنەگرتن لە \"روانینی ئامرازی\" بۆ گۆلی ورمێ، خوازیاری سەرنجی تایبەتیی ناوەندە حکوومەتییەکانی ئێران بۆ ئیکۆسیستمی ئەو ناوچەیە بوو.

بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە بە بەشداریی نوێنەری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، باڵوێزی ژاپۆن و ئوستدانداریی ئازەربایجانی رۆژئاوا دانیشتنێکی هاوبەش سەبارەت بە رزگارکردنی گۆلی ورمێ بەڕێوەچوو، کە بەشداران لەسەر درێژخایەن بوونی ماوەی رزگارکردنی ئەو گۆلە پێداگرییان کرد.

\"22225.jpg\"
نوێنەری UNPD جەختی لەسەر \"ئاستەنگەکانی بەر دەم گۆلی ورمێ\" لە ژینگەی ناوچە و ئێراندا کردەوە هاتنە ئارای ئەم دۆخەی بۆ \"تێڕوانینی ئامرازی بۆ گۆلی ورمێ\" گەڕاندەوە.

(بالاسووبر ئیمانیام مورالی) باسی لە چۆنیەتیی بەکارهێنانی روانینی ژینگەی ناوچەیی و ئیکۆسیستمی بۆ رزگارکردنی گۆلئ ورمێ کرد و رایگەیاند: \" ئەم پرۆژەیەی ئێستا بۆ رزگارکردنی گۆلی ورمێ، گۆڕانکاری لە گوتاری چۆنەیتیی رزگار کردنی گۆلی ورمێدا دێنێتە ئاراوە\".

باڵوێزی ژاپۆنیش کە وڵاتەکەی بەشداریی چالاکانەی لە رزگارکردنی گۆلی ورمێدا هەیە، ئاماژەی بە رێکەوتنی دوو لایەن لەسەر ٢٤ نەخشە رێگەی پەسندکراو کرد و گوتی: بەپێی رێکەوتننامەی ساڵی رابردوو، پسپۆڕانی بواری ئاو دەنێردرێنە ئەم ناوچەیە\".

هەواڵدەریی مێهرلەزاری (کوجی هاندا) بڵاوی کردەوە: \"رزگارکردنی گۆلی ورمێ پێویستی بە کات هەیە\".

ئوستانداری ئازەربایجانی رۆژئاوا کە لەو دانیشتنە سێ قۆڵییەدا بەشدار بوو، گوتوویەت؛ رزگارکردنی گۆلی ورمێ ماوەی ١٠ ساڵ دەخایەنێت و هاوکات باسی لە پرسی وەرزێڕی لەمەڕ ئاوی گۆلی ورمێ و چاوخشاندنەوەیەک بە گۆڕینی بڕیارەکان لەمەڕ ئەم دۆخەی ئێستای گۆلی ورمێدا کردووە.

\"22223.jpg\"
قوربانعەلی سەعادەت ئەوەشی خستۆتەڕوو، هەنووکە پانتایی گۆلی ورمێ بۆ ٧٥٠ هیکتاری چوارگۆشە کەمی کردووەو ئەو بەشەی دیکە لە گۆلی ورمێ وشک بووە.

حەفتەی رابردوو دوایین وێنەی ئاسمانی لە وشکبوونی گۆلی ورمێ بڵاوکرایەوە، کە نوێنەری مەجلیس لە ورمێ ئەو گۆلەی بە چەند زلکاوێک وەسف کردبوو.

هاوکات لەگەڵ ئاماژە کردن بە ئەو پلەبەندییانەی دانیشتنەکەی ئەمڕۆ، جێگری بەشی عومرانیی ئوستانداری ئازەربایجانی رۆژئاوا روو لە وەرزێڕانی ئەو ناوچەیە گوتی؛ \" کەسپ و کارەکانتان بگۆڕن و دەست لە وەرزێڕی هەڵگرن\".

هادی بەهادۆری ئەم شێوازەی بە \"پڕ دەستکەوت‌ترین و کەم خەرجترین شێواز\" لە قەڵەم دا و گوتی؛ بە \"دەسیهەڵگرتنی وەرزێڕان لە کشتوکاڵ، لە سەدا ٤٠ی ئاوە لەدەست چووەکان دەگەڕێتەوە\".

هەنووکە ئەم پلانە لە ٣٥ گوندی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا لە دەوروبەری گۆلی ورمێ جێبەجێ دەکرێت.