ئوستانی ئیلام بە یەکەم ئوستانی بێکار لە وڵاتی ئێراندا ناسرا

15:58 - 23 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: ئوستانی کوردنشینی ئیلام بە ئاماری ٢١%ی بێکارییەوە وەک یەکەم ئوستانی بێکار لە ئاستی ئێراندا دەستنیشان کرا.

ناوەندی ئاماری ئێران لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، ئاماری بێکاری لە ئوستانی کوردنشینی ئیلام بە ٦٠٠ هەزار کەس حەشیمەتەوە لە ئاستی وڵاتی ئێراندا پلەی یەکەمی هەیە کەلە ماوەی ٢٠ ساڵی رابردوودا بەردەوام لەسەرووی ٢٠%ـەوە بووە.

لەلایەکی دیکەوە رۆژی رابردوو ئەحمەد شەهوانی نوێنەری خەڵکی ئیلام لە مەجلیسی ئێران رایگەیاند، ئێمە لە وڵاتێکدا ژیان بەسەر دەبەین کە دابەش کردنی سامان و داهاتی وڵات هیچ عەداڵەت و یەکسانییەکی تێدا رەچاو ناکرێت.

ئەو نوێنەرە کوردەی خەڵکی ئیلام ئاماژەی بەوەش کردووە، بێکاری بەڕادەیەک رووی لە زیادبوون کردووە کە زۆربەی هاووڵاتییان بۆ پەیدا کردنی کار روو لە شارە گەورەکانی ئێران دەکەن و ئەمەش لە حاڵیک دایە کە هیچکام لە پرۆژە پەسند کراوەکانی سەفەری ئوستانی سەرکۆمار نەچۆتە قۆناخی جێبەجێ کردنەوە.

شەهوانی راشیگەیاندووە، ئوستانی ئیلام ٧%ی سەرچاوە نەوتی و ١٣%ی سەرچاوە گازییەکانی وڵاتی ئێران پێک دێنێت و هاوکات ٤٢٥ کیلۆمیتـــر سنووری هاوبەشی لەگەڵ وڵاتی ئێــراق هەیە، بەڵام سەرەڕای بوونی ئەو رێژەیە لە سامانی ژێر زەوی بیکارترین و هەژارترین ئوستانی ئێــرانە.

پێشتریش ئەحمەد شەوهانی رایگەیاندبوو، ئەم پارێزگایە بە حەشیمەتی ٥٥٠ هەزار کەسەوە زۆرتر لە ١٠٠ هەزار بیێکاری هەیە، بە واتایەکی دیکە لە هەر پێنج کەس یەکیان بێکارە.

هەنووکە ٩٠% لە کەرتەکانی بەرهەمهێنان لە شارەکە پیشەسازییەکانی ئیلام و کرماشان ناچالاکن و تەنیا ١٠% یان بە کەمترین تواناییەوە کار دەکەن.