ئوستانداری کوردستان: ئاگاداری پرسی وتوێژی دەوڵەت لەگەڵ حیزبە کوردییەکانم

20:32 - 1 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: لە میانەی کۆنفڕانسی رۆژنامەوانیی لێپرسراوانی حکوومەتی لەگەڵ رۆژنامەنووسانی کورد، پرسی وتوێژ لەگەڵ حیزبە کوردییەکان هاتە گۆڕێ.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئوستانداری کوردستان لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ هەواڵنێراندا، ئاماژەی بە پرسی وتوێژید ەوڵت لەگەل حیزبە کوردییەکاندا کردووەو گوتوویەتی \"بەڵام من ئاگاداری وردەکاری و کاکڵ وتوێژ لەگەڵ حیزبە کوردییەکان نیم\".

عەبدولمحەمەد زاهیدی لە وڵامی پرسیاری ئیجلال قەوامی، هەواڵنێری حەفتەنامەی \"ئاگرینی رۆژ\"دا، ئاماژەی بە پرسی وتوێژی دەوڵەت لەگەڵ حیزبە کوردییەکان کردووە.

ناوبراو هاوکات پێداگریی لەوە کردۆتەوە، کە تەنیا ئاگاداری چوارچێوەی وتوێژەکانە، بەڵام بێ ئاگایی خۆی لە ناوەرۆک و وردەکاریی وتوێژەکان راگەیاندووە.

ماڵپەڕی ئوستانداریی کوردستان، راپۆرەتی ئەو کۆنفڕانسە ٣ کاتژمێرییەی لەگەڵ هەواڵنێران، لەژێر ناوی \"شڕۆڤە و شیکردنەوەی پرسە گرینگەکان و تاوتوی و چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵک\"دا بڵاو کردۆتەوە.

مەحموود عەلەوی وەزیری ئیتلاعاتی ئێران، رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ١٥ی زەربەری ئەمساڵ لە دانیشتنی ئاشکرای مەجلیسی ئیسلامیدا باسی لە وتوێژ و دانیشتن لەگەڵ \"حیزبەکانی کۆمەڵە و دێمۆکرات\" کردبوو، بەڵام ناوبراو باسی لە وردەکاریی دانیشتن لەگەڵ ئەو دوو حیزبە، نەکردبوو.

\"24303.jpg\"
دانیشتنی \"هاوفیکری\"ی چالاکانی کۆمەلایەتیی شاری مەهاباد لەگەڵ جێگری بەرپرسی سیاسی
ئەو ئیدیعایەی وەزیری ئیتلاعات، کەلە میدیا حکوومەتییەکاندا بڵاو بوویەوە،دەستبەجێ لەلایەن نوێنەرانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێریی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانەوە بەدرۆ خرایەوە.

هاوکات دانیشتنی \"هاوفیکری\"ی چالاکانی کۆمەلایەتیی شاری مەهاباد لەگەڵ جێگری بەرپرسی سیاسی، ئەمنیەتی و کۆمەڵایەتیی ئوستانداری ئازەربایجانی رۆژئاواوە ناڕەزایەتیی لێکەوتەوە.

لەو دانیشتنەدا کە چەند کاتژمێرێکی خایاندووە، چالاکانی فەرهەنگی، رۆژنامەنووسان و چالاکانی مافە مەدەنییەکان تەنیا ٢٠ خولەک مۆلەت قسە کردنیان پێدراوەو ئەمەش پەرچەکرداری بەشدارانی بەدوای خۆیدا هێناوە.