ورمێ/کرانەوەی زانکۆیەکی کچانە لەدرێژەی پلانی جیاکردنەوەی رەگەزی لەئێران

15:17 - 31 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی جێبەجێ کردنی پلانی جیاکردنەوەی رەگەزی لە زانکۆکانی ئێران، زانکۆیەکی تایبەت بە خوێندکارانی کچ لە ورمێ کرایەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، زانکۆی ئەلزەهرا، کە لقی زانکۆیەکی تایبەت بە کچان دەبێت، بە مۆڵەتی فەرمیی شۆرای پەرەپێدانی خوێندنی باڵا، لە شاری ورمێ کرایەوەو بڕیارە لە ساڵی داهاتووی خوێندنەوە خوێندکارانی کچ وەربگرێت.

حوسێن حوسێنی بەرپرسی دەفتەری پەرەپێدانی خوێندنی باڵای وەزارەتی زانست و لێکۆڵینەوە، رایگەیاندووە؛ ئەم زانکۆیەی ورمێ، کە لقی زانکۆی سەرتاسەریی ئەلزەهرایە، لە ساڵی داهاتووی خوێندنەوە، خوێندکارانی کچ دەتوانن بۆ خوێندن لە ٥ رشتەی کارناسیی باڵادا ناونووسی بکەن.

لقی زانکۆی ئەلزەهرا کە بە ئامادەبوونی حوسێن حوسێنی کراوەتەوەو بە گوتەی ناوبراو، زانکۆی ئەلزەهرا کە تاقە زانکۆی دەوڵەتیی کچانەیە، بڕیارە لە زۆربەی ئوستانەکانی ئێران لق بکاتەوەو دەست بە چالاکی بکات.

\"20079.jpg\"
باسی جیاکردنەوەی رەگەزی لە زانکۆکانی ئێران لە ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوییەوە لە ژێر ناوی \" وەڕێخستنی زانکۆی کچانەی قوم\" بە شێوەیەکی چڕ هاتە ئاراوەو بە بڕوای زۆربەی چاوەدێڕان ئەو باسە، نەک وەکوو باس و پرسێکی مەزهەبی، بەڵکوو بۆ فشارهێنان بۆ سەر خوێندکاران و ئەمنیەتی کردن و کۆنتڕۆڵ کردنی زانکۆکانی ئێران هاتۆتە گۆڕێ.

لەو پەیوەندییەدا سادقی زیباکەلام، مامۆستای زانکۆ لە تاران پێشتر بە ماڵپەڕی رادیۆ ئێرانی راگەیاندبوو: شۆرای باڵای ئینقلابی فەرهەنگی بەرپرسی یاسادانان لە وڵاتی ئێراندا نییە و مەسەلەی جیاکردنەوەی رەگەزی بە تەواوەتی لایەنی سیاسی و تەبلیغاتی هەیە.

چاوەدێران و چالاکانی سیاسی لەو باوەڕەشدان، مەزهەبی نواندنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە سەرەتای هاتنە سەرکارییەوە وەکوو ئامرازێک بۆ بەرەوپێشبردنی ئیدارە کردنی دەوڵەت بەکارهێناوەو لەژێر ناوی بەرنگاربوونەوە لەگەڵ \"کافر و کفر\" دەستیان بە سڕینەوەی گروپە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیان لە وڵاتی ئێراندا کردووە.

لە درێژەی ئەو پلانەدا لە زۆربەی شارەکانی ئێران پارکی تایبەت بە ژنان دروست کراوەو تەنانەت ساڵی ١٣٩٠ی هەتاویش وەزیری پەروەردەو بارهێنانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران باسی لە جیاکردنەوەی رەگەزی لە باخچەی ساوایان کردبوو.