ورمێ/هێزە ئینتزامییەکان خانووبەرەی ٣ هاووڵاتیی کوردیان تێک رووخاند

22:02 - 3 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: مەئموورانی شارەوانیی ورمێ بە پشتیوانیی هێـزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران خانووبەرەی تازە دروستکراوی ٣ هاووڵاتیی کوردیان تێک رووخاند.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەماوەی ٢ رۆژی رابردوودا ماڵی ٣ هاووڵاتیی کورد لە شاری ورمێ و لە شەهرەکی زانکۆی ئەو شارە، لەلایەن مەئموورانی شارەوانی و هێزە ئینتزامییەکانەوە بەبیانووی نەبوونی مۆڵەتی ئیدارەی شارەوانی تێک دراوە.

بە وتەی شایەتحاڵان مەئموورانی شارەوانی و هێزە ئینتزامییەکان، بەبێ مۆڵەتی فەرمیی دادگا و بەبێ ئاگادار کردنەوەی پێشتر، خانووبەرەی تازە دروستکراوی ٣ هاووڵاتیی کوردەیان تێک رووخاندووە.

لەمانگی پووشپەڕی ئەمساڵیشدا خانووبەرەی چەندین هاووڵاتیی دیکەی کورد بەپشتیوانی هێزە ئینتزامییەکان و چەند دەزگا لۆدێـر تێکرووخێندرا.

هەروەها رێکەوتی ٣٠ی پووشپەڕ خانووبەرەی یەکێک لە کارمەندانی شارەوانیی شاری مەریوان بەناوی \"شەریف ئیبراهیمی\" لەلایەن مەئموورانی شارەوانی و هێزە ئینتزامییەکانەوە تێک درا.