ورمێ/دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییانی کورد لەسەر ئاڵای کوردستان، پێی نایە قۆناغێکی دیکەوە

21:17 - 6 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: فشاری ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ورمێ و دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییەکی دیکەی کورد بە تۆمەتی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان، رەنگێکی نوێی بەخۆیەوە گرت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ناوەڕاستی حەفتەی رابردوو هێزە ئیتلاعاتییەکان لە ورمێ، هاووڵاتییەکی کوردیان بەناوی جەعفەر میرزایی، دەستبەسەر کرد.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، کە لە ئێستادا لە زیندانی دەریا لە دەستبەسەریدایە، تەنیا بە هۆی ئەوەیکە ئاڵای کوردستانی لەسەر کڵاوی پەشمیی منداڵەکەی چنیوە، دەستبەسەر کراوە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری ورمێ وێڕای پشتڕاست کردنەوەی هەواڵی دەستبەسەر کرانی ئەو هاووڵاتییە کوردە، گوتی؛ لقی ١ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر (چابۆک) حوکمی ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری بۆ بڕیوەتەوە.

پێشتریش خاوەنی شیرینی فرۆشییەک لە ورمێ بەهۆی نەخشاندنی ئاڵای کوردستان لەسەر کێک، دەستبەسەر و دووکانەکەشی لێ داخرابوو.

مانگی بانەمەڕی ئەمساڵیش فەرماندەی پاسگایەکی هێزی ئینتزامی لە شنۆ، سووکایەتییان بە ئاڵای کوردستان کردبوو، کە سێ سەربازی کورد بەهەۆی وە جوەاب هاتن بەو سووکایەتییەی فەرماندەران، دوو سەربازیان لەو شوێنە دوور خرابوونەوەو کەسێکیشیان دەستبەسەر کرابوو.

لەماوەی چەند مانگی رابردوودا فشاری سیستماتیکی ناوەندە ئەمنییەکان بۆسەر هاووڵاتییانی کورد، پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێ و لەم پەیونەدییەدا شۆرای شاری ورمێ بە بریاری ناوەندە ئەمنییەکان و ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی، ناوی شوێنە گشتی و شەقامەکانی لە کوردییەوە بۆ ئازەری گۆڕیەوە.

ئاڵای کوردستان، کە هەتاوێک لە ناوەڕاستەکەیدایە، بەدەر لە روانگەی سیاسی و ئایدیۆلۆژیک، لای هەموو هاووڵاتییەکی کورد بە چاوی رێزەوە سەیر دەکرێت و لە کاتی شۆڕشی ئیحسان نووری پاشا و شێخ مەحموودی حەفیدەوە وەکوو ئاڵای کوردستان هێمای بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کورد بووە.

حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوموەتی ئیسلامیی ئێران ئاڵای کوردستانیان بە فەرمی ناسیوە.