ورمێ/جێبەجێ کردنی حوکمی سێدارەی زیندانییەکی سیاسی کورد بە دوور لەچاوەڕوانی نییە

20:59 - 3 خەرمانان 2715
ئاژانسی کوردپا: لەسەر بڕیاری بەرپرسانی دەزگای قەزای حکوومەتی ئیسلامیی ئێران زیندانییەکی سیاسی دیکەی کورد لە لێواری جێبەجێ بوونی حوکمی سێدارە دایە.

بەپێی راپۆڕتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٣ی خەرمانان، \"بێهروز ئاڵخانی\"کوڕی فارس لە گرتووخانەی ناوەندەیی ورمێ بۆ ژووری تاکەکەسی ئەو گرتووخانەیە گواسترایەوە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری ورمێ گواستنەوەی بێهروز ئاڵخانی بۆ ژووری تاکەکەسی پشتڕاست کردووە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە دەستی ئاژانسی کوردپا گەیشتووە، بنەماڵەی ئاڵخانی بۆ دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ کوڕەکەیان بانگهێشتی زیندانی دەریا کراون.

ئەو زیندانییە کوردە، لە ٧ی رێبەندانی ١٣٨٨ی هەتاوی، لە شاری سەڵماس دەستبەسەر و بۆ ماوەی ١٨ مانگ لە ژووری تاکەکەسی لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ راگیراوە.

دەوترێت، بێهروز ئاڵخانی لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ورمێ وە بە تۆمەتی هاوکاری کردن لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیونی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و \" کوشتنی دادستانی گشتی شاری خۆی\" حوکمی ئیعدامی بۆ دەرچووە.

پێشتریش لە سەرەتای مانگی رابردوودا، سیروان نژاوی زیندانیی سیاسی کورد لە گرتووخانەی تەورێز لەلایەن بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی ئەو شارەوە ئیعدام کرا.

بێهروز ئاڵخانی لە زیندانیی ناوەندەی ورمێ لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەدا بووەو پزیشکەکان بە بنەماڵەی ئاڵخانیان وتووە ئەو لێدان و ئەشکەنجەیە بۆ دانپێنانی تەلفیزیۆنی بووە.

هەروەها موحسن ئاڵخانی، برای بێهروز ئالخانی لە شاری سەڵماس لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا بوو.
برایانی ئاڵخانی خەڵکی گوندی \"ئاغ‌بەزرە\" سەر بە بەخشی \"کۆسار\"ی شاری سەڵماسن.