ورمێ/ ئیدارەی ئیتلاعات هەڕەشەی لە بەرپرسانی ناوەندی فەرهەنگیی کرمانج کرد

17:28 - 22 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی و ئەندامانی ناوەندی فەرهەنگی ئەدەبیی کرمانج لە شاری ورمێ لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لێکرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٢٠ی پووشپەڕ چەند کەس لە ئەندامانی ناوەندی فەرهەنگی ئەدەبیی کرمانج لە شاری ورمێ بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە کران و لەلایەن مەئموورانی ئەو ئیدارەیەوە بەرەوڕووی هەڕەشەی دەرکران لە زانکۆ و زیندانی کران بوونەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان بە ئەندامانی ئەو ناوەندە فەرهەنگی ئەدەبییەیان راگەیاندووە لە ئەگریئ بەردەوام بوون لە سەر چالاکییەکانیان، بەرەوڕووی دەرکران لە زانکۆ و زیندانی کران دەبنەوە.

ئەم هەڵسووکەوتەی ‌هێــزە ئیتلاعاتییەکان لە حاڵێک دایە کە چالاکییەکانی ناوەندی فەرهەنگی ئەدەبیی کرمانج لە ورمێ تەنیا لە قاڵبی فەرهەنگی دایە، بەڵام هەتا ئێستا چەندین جار ئەندامان و بەرپرسانی ئەو ناوەندە لەلاین هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بانگهێشتی و لێپرسینەوەیان لێکراوە.