ورمێ/ گیانی زیندانییه‌كی كورد له‌ مه‌ترسیدایه‌

14:43 - 21 خەزەڵوەر 2715
ئاژانسی كوردپا: زیندانییه‌كی كورد به‌ هۆی نه‌بوونی چاوه‌دێریی پزیشكی له‌ به‌ندیخانه‌ی ورمێدا، بارودۆخی جه‌سته‌یی زۆر ناله‌باره‌.

به‌پێی هه‌واڵی گه‌یشتووه‌ به‌ ئاژانسی هه‌واڵی كوردپا، به‌رپرسانی ئه‌منیی به‌ندیخانه‌ی ده‌ریا له‌ ورمێ به‌ پێشگرتن به‌ گواستنه‌وه‌ی ئه‌م به‌ندییه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌، ژیانی ئه‌م به‌ندكراوه‌ كورده‌یان به‌ گاڵته‌ گرتووه‌.

پزیشكانی چاره‌سه‌ركه‌ر له‌ به‌ندیخانه‌ی ورمێ ڕایانسپاردووه‌ كه‌ كه‌یوان (مسته‌فا) داوودی ده‌سبه‌جێ پێویستی به‌ نه‌شته‌رگه‌ریی و فیزیۆتراپی هه‌یه‌.

\"28982.jpg\"
كه‌یوان داوودی
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ پێوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فوونی له‌گه‌ڵ ئاژانسی هه‌واڵی كوردپادا وتی: تێكچوونی پلاتینی لاقی ڕاستی كه‌یوان، بووه‌ته‌ هۆی چڵكی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری جه‌سته‌ی ناوبراو و ده‌بێ به‌په‌له‌ بگوازرێته‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌تی.

ئه‌م سه‌رچاوه‌یه‌ له‌ درێژه‌دا زیادی ده‌كات: \" هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی به‌ندیخانه‌ دژایه‌تیان كردووه‌ له‌گه‌ڵ موره‌خه‌سی و ڕاگواستنی ئه‌م به‌ندكراوه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی به‌ندیخانه‌ و كۆتایی هاتنی سه‌رده‌می گیرانی، ته‌نیا بژارده‌ی دڵخوازی ئه‌وانه‌.\"

پێشگرتن له‌ چاره‌سه‌ریی پزیشكی ئه‌م به‌ندكراوه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ به‌پێی په‌یماننامه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كانی مافه‌ مه‌ده‌نیی و سیاسییه‌كان كه‌ حكوومه‌تی ئیسلامی یه‌كێك له‌ واژۆكه‌رانیه‌تی، بێبه‌شكردنی به‌ندكراوان له‌ چاره‌سه‌ریی پزیشكی وه‌كوو پێشێلكردنی قه‌ده‌غه‌بوونی ئه‌شكه‌نجه‌ و هه‌ڵسوكه‌وتی زاڵمانه‌، دژه‌مرۆیی و سووكایه‌تی ئامێزه‌.

كه‌یوان داوودی له‌ ته‌مه‌نی ١٩ ساڵاندا له‌ سێ ڕێیانی \"داره‌له‌ك\"ی مه‌هاباد له‌ لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌تییه‌كانه‌وه‌ ده‌سبه‌سه‌ر كراوه‌ و له‌ دادگای شۆڕشدا به‌ تۆمه‌تی هاوكاری له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌ حیزبه‌ ئۆپۆزێسیۆنه‌كانی ئێران، حوكمی ١٠ ساڵ زیندانی بۆ بڕاوه‌ته‌وه‌ و ئێستا حه‌وته‌مین ساڵی زیندانی خۆی تێپه‌ڕ ده‌كات.