ورمێ/ ڕاگواستنی دوو زیندانیی کورد بۆ ژووری تاکەکەسی

14:39 - 14 بەفرانبار 2715
ئاژانسی کوردپا: دوو زیندانیی کورد پاش ناڕەزایەتی دەربڕین بە هۆی جیانەکردنەوەی تاوانەکان لە زیندانی ورمێ، مانیان لە خواردن گرتبوو، بۆ ژووری تاکەکەسی ڕاگوێزران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوو زیندانیی کورد بە ناوەکانی \"ڕەووف محەممەد عەلی و بەهمەن دەلایی میلان\" کە لە بەندی پێنجی زیندانی ناوەندیی ورمێ، ناسراو بە بەندی \"ڕەوان دەرمانی\" ڕاگیرابوون، داوایان لە بەرپرسانی زیندان کردبوو بە جیاکردنەوەی تاوانەکان، بۆ بەندی زیندانییە سیاسییەکان ڕایانگوازن.

بەندی پێنجی ڕەوان دەرمانی، شوێنی چارەسەر کردنی پشێوییە دەرونییەکانە لە ڕێگای دەروون شیکارییەوە.

بە هۆی گوێ‏نەدانی بەرپرسانی زیندان و جێبەجێ‏نەکردنی داواکارییەکەیان، ئەو دوو زیندانییە کوردە مانیان لە خواردن گرت و ڕۆژی پێنج‏شەممەی ڕابردوو بە دەستووری بەرپرسی زیندان، بۆ ژووری تاکەکەسی ڕاگوێزران.

بەهمەن دەلایی میلان ساڵی ١٣٨٥ی هەتاوی بە تۆمەتی \"هەوڵدان دژی ئەمنیەتی میللی\" دەستبەسەر و بە ١١ساڵ زیندان حوکم درا و پاش چوار ساڵ ڕاگرتنی لە زیندانی مەریوان، لە ساڵی ١٣٨٩وە، بۆ زیندانی شاری خۆی ڕاگوێزرا و دواتر لە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەزبەری ١٣٩٤، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ کرا.

هەروەها تۆمەتی ڕەووف محەممەد عەلی \"هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەویی\" ڕاگەیەندراوە، بەلام زانیاری زیاتر لە سەر تۆمەتەکانی ناوبراو و چۆنیەتی و ماوەی حوکمەکەی لەبەردەستدا نیە.