ورمێ/ چەکدارانی حکوومەتی ئیسلامی، کۆڵبەرێکیان کوشت و یەکی‌تریشیان بریندار کرد

16:33 - 25 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: لە ئەنجامی تەقەی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە کۆڵبەرانی سەر سنوور، کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی ورمێ بە تەقەی ئە وهێزانە کوژرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوو کۆڵبەری کوردی خەڵکی ورمێ، کە لە سنوورێ نێوان تورکیا و ئێران سەرقاڵی کۆڵبەری بوون لەلایەن هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە درانە بەر دەستڕێژ و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێکیان بەناوی زاهیر سەربازی گیانی لەدەست داوە.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو کۆڵبەرانە لە ناوچەی سنووریی (سێگرکا) بەرەو شاری وان، لە کوردستانی تورکیا تەقەیان لێکراوەو بەو هۆیەوە کۆڵبەرەکەی دیکەش بەناوی (مەهدی)، خەڵکی ورمێ بە توندی بریندار بووە.

هێزە نیزامییەکان و بەتایبەت هێزی نیزامیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە پاساوی \"بەرنگاربوونەوە قاچاخچییانی هەلپەرست\" و بەبێ ئاگادار کردنەوەو لەبەرچاو گرتنی مەرجەکانی تەقە کردن، تەقە لە کۆڵبەرای سەر سنوور دەکەن و دەیانکوژن.

پێشتر  \"ئەحمەد گراوەند\" بە هەواڵدەریی \"مێهر\"ی راگەیاندبوو، \"ئەو کۆڵبەرانەی کە بە شێوەی نایاسایی کەلووپەل لە سنوورەکانەوە هاوردە بکەن، لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە تەقەیان لێ دەکرێت.\"

بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەوالدەریی کوردپا، لە وەرزی هاوینی ئەمساڵدا ٢٥ کۆڵبەری کورد لە سنوورەکان بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران پێکراون، کە لەکۆی ئەو رێژەیە ٩ کەسیان کوژراون و ١٦ کەسیشیان بەریندار کراون.