ورمێ‌/ هەڵەی پزیشكی مەرگی كۆرپەڵەیەكی لێكەوتەوە

13:20 - 24 بەفرانبار 2714
ئاژانسی كوردپا: لە نەخۆشخانەی \" موتەهێری\"ی ورمێ‌، ئەنجامدانی نەشتەرگەریەك لەسەر ژنێكی دووگیان مەرگی كۆرپەڵەكەی بەدوای خۆیدا هێنا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، یەكێك لە پزیشكەكانی نەخۆشخانەی موتەهێری كە خولی راهێنانی ئەو نەخۆشخانەیەدا تێپەڕ دەكرد، بەهەڵە نەشتەرگەریی منداڵبوونی بۆ ژنێكی دووگیان كردووە، كە دەوترێت ئەو ژنە پێ و مانگی منداڵبوونی نەبووە.

كۆرپەڵەی ئەو ژنە دوای تێپەڕینی ١٠ رۆژ لە تەمەنی، بەوتەی بەرپرسانی نەخۆشخانەكە بە هۆی كێشەی هەناسەییەوە گیانی لەدەست داوە.
هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوی ئەم هەواڵە، باوکی ئەو کۆرپەلەیە سکاڵای لەسەر نەخۆشخانەی \"موتەهەری\"ی ورمێ تۆمار کردووە.

میر عەلی یووزباشی بە ماڵپەڕی \" اروم نیوز\"‌ی وتووە، سەرجەم تاقیكارییە پزیشكییەكان دەرخەری ئەوەن، كە ئەو كۆرپەلەیە هیچ كێشەیەكی زگماكی نەبووە و پزیشكی چاودێری هاوسەرەكەشم ئەوەی پشتڕاست كردۆتەوە.

\"24182.jpg\"
میرعەلی باسی لەوەش كردووە، پزیشكەكان ئیدیعای ئەوەیان دەكرد كە منداڵەكەم نەخۆشی هەیە و منیش تووشی سەر لێشێواوی بووم رەزایەتنامەی نەشتەرگەرییەكەم واژۆ كرد، بەڵام جێگای سەرسووڕمان لێرەدایە كە لە سێ‌ لاوە ئەو نەشتەرگەرییەیان ئەنجام داوە.

نەخۆشخانەی موتەهێری ورمێ‌ ٢٩٨ تەختی هەیە و لە كۆی گشتی ئەو رێژەیە ٦٢ تەختیان بۆ نەخۆشخانەی \" كەوسەر\" كە ناوەندێكی تەنردوستی ـ دەرمانی تایبەت بە ژنانی دووگیانە تەرخان كراوە.

نەخۆشخانەی كەوسەری ورمێ‌ تەنیا ناوەندی پسپۆڕ لە بوارە نەخۆشییەكانی ژنان و لەدایك بوون لە \"ورمێ\"‌یە.

ماوەیەك لەمەوبەریش بە هۆی كەمی ئیمكاناتی پزیشكی و كەمتەر خەمی پێرسۆنێلی دەرمانی نەخۆشخانەی مەریوان، منداڵێكی تر گیانی لەدەست دابوو.

بەپێی ئامار و راپۆرتەكان، زیاتر لە لەسەدا ٥٠‌ی پەروەندەكانی پێوەندیدار بە سكاڵەی پزیشكی لە كۆمیسیۆنی پزشكی دادوەری بە هێندێ‌ هۆكاری وەكوو نەبوونی بەڵگەی سەلمێنەر و چەندین هۆكاری دیكە بێ‌ ئەنجام دەمێنەوە و ئەو نیوەی دیكە كە پێوەنددار بە كادری دەرمانی و بەتایبەت پزیشكەكانن لە ئەنجامی كەمتەر خەمی، بێ‌ ئەزموونی، بەكاربردنی رێگەی هەڵە و نەبوونی زانیاری لەسەر نەخۆشییەكان مەحكووم دەكرێن.