ورمێ/ هەندێک لە مامۆستایانی ئایینیی کورد لەسەر کار دەرکران

14:40 - 18 رێبەندان 2715
ئاژانسی کوردپا: ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، گوشار و هەڕەشە بۆسەر ئەندامانی ڕەوتی دەعوەت و ئیسلاحیان لە دەڤەری ورمێ زیاتر کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ڕۆژانی ڕابردوودا، لانیکەم نۆ مامۆستای ئایینیی کورد بە بڕیاری ئیدارەی گشتیی ئیتلاعاتی پارێزگای ئازەربایجانیی ڕۆژئاوا لە پیشەی مامۆستایی لە قوتابخانەکان، دەرکراون.

دەرکراوەکان لە شەهرەکی ئیسلام‏ئابادی ورمێ و شاری سەڵماسن.

هەواڵنێری کوردپا باس لەوە دەکات کە ئەو مامۆستایانە، لایەنگر و پەروەردەی ڕێکخراوێکی ئایینی بەناوی دەعوەت و ئیسلاحن و پێشتر لە لایەن حکوومەتی ئیسلامییەوە ئیزنی کار و چالاکییان پێ‏درابوو.

هەر بەپێی سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان، قوتابخانەی علوومی دینیی سەلاحەدینی ئەیووبی لە ورمێ، شوێنی پەروەردە و بارهێنانی ئەو ٩ مامۆستایە بووە و پاشان لە وەزارەتی ئامووزش و پەروەرش دامەزراون.

\"29481.jpg\"
مەلا ئەبووبەکر بەدەوی و مەلا ڕەزا عەبدی
لە ڕاپۆرتی گەیشتوودا هاتووە کە؛ ڕەوتی فشار و دەرکردن لە ماکۆ و گوندە کوردەکانی دەڤەری سەڵماس و \"خۆی\"یش بەردەوامە و حکوومەت خەریکی دانانی کەسانی نزیک بە خۆی لە شوێنی ئەو مامۆستایانەیە.

هەتا ئێستا ناوی ٩ مامۆستا بۆ ئاژانسی کوردپا ڕوون بووەتەوە کە بریتین لە:

١ـ مەلا عەزیز ڕەزایی، پێشنوێژی مزگەوتی جامیعەی سەڵماس
٢ـ مەلا ئەبووبەکر بەدەوی، پێشنوێژی مزگەوتی فارووقی ئەعزەم لە خاتوون‏جانی ئیسلام ئابادی ورمێ
٣ـ مەلا خالید ئەیووبییان، مامۆستا لە ئامووزش و پەروەرش
٤ـ مەلا ئەسعەد جاسمی، مامۆستا لە ئامووزش و پەروەرش
٥ـ مەلا ئازاد فلکان، مامۆستا لە ئامووزش و پەروەرش
٦ـ مەلا ڕەشید میرگونبەدی، مامۆستا لە ئامووزش و پەروەرش
٧ـ مەلا بەهمەن
٨ـ مەلا بەحری
٩ـ مەلا ڕەزا عەبدی، پێشنوێژی مزگەوتی ئیسلام ئابادی ورمێ

کەسێکی ئاگادار لە دۆخی ئەو مامۆستایانە لە ڕێی پێوەندیی تەلەفوونییەوە پێی ڕاگەیاندین کە ئەو مامۆستایانە لە زۆر کاری خێرخوازانەدا، بەشداریی چالاکانەیان هەبووە و ئێستا حکوومەت لە شوێنی ئەوان کەسانی دیکەی نزیک لە بیروبۆچوونی حکوومەتییان داناوە.

\"29480.jpg\"
ئەو سەرچاوەیە وتی کە؛ هەموو ئەو مامۆستایانە لایەنگر و پەروەردەکراوی قوتابخانەی علوومی دینیی سەلاحەدینی ئەیووبی لە شاری \"ورمێ\"ن کە سەربە دامەزراوەی دەعوەت و ئیسلاحن.

دەعوەت و ئیسلاح لە مەرامنامەیەک‏دا، خۆیان بە دامەزراوەیەکی مەدەنی لە چوارچێوەی ئەندێشەی ئیسلامی‏دا دەزانن و خۆیان بە پەیڕەوی کردن لە میانەڕەویبە بەرپرسیار دەزانن.

ئەو تەشەکولە، نزیک لە ڕەوتی ئیخوانولموسلێمینە و لەسەر دەستی ناسر سوبحانی دامەزراوە.