ورمێ/ زیندانییەکی دیکەی توشبوو بە ئانفلونزای بەراز گیانی لە دەست‌دا

20:10 - 22 بەفرانبار 2715
ئاژانسی کوردپا: یەکێکی دیکەی لە زیندانیانی زیندانی ورمێ بە ناوی \"مام ئەیوب\" کە تووشی پەتای ئانفلونزای بەراز بوو، گیانی لە دەست‌دا.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکان، \"ئەیوب ڕەووف پوور\"، کوڕی غەفوور تەمەن ٧٦ساڵە کە ماوەی ٦ساڵە لە زیندانی دەریای ورمێ دابووە، بە هۆی نەبوونی خزمەتگوزاری پزیشکی و دۆخی ناڵەباری زیندان،گیانی لە دەست‌دا.

بەپێی هەندێک لە ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ناوبراو بە هۆی توشبوون بەنەخۆشی ڤایروسی ئانفلونزای بەراز گیانی لە دەستداوە.

بەشێکی زۆر لە زیندانیە نەخۆشەکان لە زیندانەکانی ئێران لەگەڵ کەمی ئیمکاناتی بێهداری و پزیشکی بەرەوڕوون، ئەمە لە کاتێکدایە کە ڤایروسی ئانفلونزای بەراز لە هەندێک لە زیندانەکانی ئێران لە حاڵی پەرەسەندن دایە و هەتاکوو ئێستا ژمارەیەکلەو زیندانیان بوونەتە قوربانی و بەرپرسانی حکوومەتی و وەزارەتی بێهداشت هیچ هەوڵێک بۆ کونتڕۆڵکردنی ئەوپەتایەناگرنە بەر.