ورمێ/ حوکمی ئیعدامی کوردێکی هەرێمی کوردستان پشتڕاست کرایەوە

22:30 - 23 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: دیوانی باڵای وڵاتی ئێران، حوکمی ئێعدام کردنی زیندانییەکی سیاسیی کوردی لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ پشتڕاست کردەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حوکمی ئێعدامی \"عەلی ئەحمەد سولێمان\" زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی هەرێمی کوردستان لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتی ئێرانەوە بەتاوانی \"قەتڵ\" پشتڕاست کرایەوە و ئەو حوکمە چەند رۆژ پێش ئێستا بەو زیندانییە کوردە راگەیاندراوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە پاییزی ساڵی ١٣٨٤ لە ناوچەی سنووریی \"تەرگەوەڕ\"ی ورمێ دەستبەسەر و بە تاوانی ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە ٥ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

\"14650.jpg\"
عەلی ئەحمەد سولێمان، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی هەرێمی کوردستان
عەلی ئەحمەد سولێمان دواتریش بە تاوانی پەیوەندی گرتن لەگەڵ \"ئەحمەد شەهید\" رێپۆرتێری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران، حوکمی ١ ساڵ زیندانیی دیکەی بۆ بڕایەوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی هەرێمی کوردستان ساڵی ١٣٩٠ پاش تەواو بوونی ماوەی حوکمەکەی، لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە راگەیەندرا کە پەروەندەی ناوبراو بە کراوەیی ماوەتەوە و دەزگای قەزاییش رایگەیاندبوو کە حوکمی دادگا لە هەمبەر ناوبراودا بەشێوەی پێویست نەبووە، بۆیە پێویستە سەر لەنوێ دادگایی بکرێتەوە.

عەلی ئەحمەد سولێمان رەشەمەی ساڵی رابردوو بە تۆمەتی کوشتنی ٢ ئەندامی سپای پاسداران بە ئێعدام مەحکووم کرا، ئەوە‌ش لە کاتێکدا بووە کە ناوبراو هیچ دانپێدانانێکی لەو پەیوەندییەدا نەبووە.