ورمێ/ تەقەی هێزە نیزامیەکان و دەست‌بەسەرداگرتنی مەڕوماڵاتی هاووڵاتیەکی کورد

16:26 - 4 پووشپەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، دەستیان بەسەر ٨٠٠ سەر لە مەڕوماڵاتی هاووڵاتییەکی کوردی لە ناوچەی مرگەوەڕی ورمێ، داگرت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند رۆژ پێش ئێستا، هێزەکانی هەنگی سنووریی ناوچەی مرگەوەڕی ورمێ، دەستییان بە سەر ٨٠٠ سەر مەڕوماڵاتی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"عەبدولوەهاب\" خەڵکی گوندی \"مەمەکان\" کە بە مەبەستی لەوەڕاندنی مەڕوماڵاتەکەی چووبووە ناوچە سنوورییەکان داگرت.

\"27082.jpg\"
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لەکاتی زەوت کردنی مەڕوماڵاتی ئەم هاووڵاتیە کوردە، بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکان، لانیکەم ٥٠ سەر لە مەڕوماڵاتەکە بەهۆی بەرکەوتنی گولـلە لەناوچوون.

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا وتی پاش زەوتکرانی مەڕ و ماڵاتەکە لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە، دانیشتوانی ناوچەی مەرگەوەڕ بە مەبەستی پێش‌گرتن لە فرۆشتنی ئەو مەڕوماڵاتە لە نزیکی ئەو پاسگایە کۆ ببوونەوە.

\"27083.jpg\"
ئەم راپۆرتە باس لەوە دەکات کە هێزە نیزامییەکان لە دژ کردەوە بە کۆبوونەوەی هاووڵاتیانی کورد لە نزیکی پاسگاکەدا، تەقەیان لە هاوولاتیان کردووە.

دەوترێت کە تەقەی هێزەکانی حکوومەتی ئیسلامی لە هاووڵاتیانی کورد، خەساری گیانی لێ نەکەوتووەتەوە.

بە هۆی دەستپێکی کۆچی هاوینەی ئاژەڵداران، هاووڵاتیانی کورد بە ناچار بە مەبەستی لەوەڕاندنی مەڕوماڵاتەکەیان لە ناوچە سنووریەکان نزیک دەبنەوە. هێزەکانی حکوومەتی ئیسلامیش لەو بارودۆخە کەڵک وەردەگرن و دەست بە سەر مەڕ و ماڵاتی هاووڵاتیاندا دەگرن.