ورمێ؛ مریەم عەزیزوەند قوربانیی تەقینەوەی مین، نەشتەرگەریی بۆ کرا

13:47 - 27 پووشپەڕ 2722

مریەم عەزیزوەند خەڵکی گوندی "کورانـ"ـی ناوچەی سۆمای ورمێ کە بەهۆی تەقینەوەی مین بە سەختی بریندار بوو، لەلایەن پزیشکانی پسپۆڕەوە نەشتەرگەریی بۆ کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو پەیوەندییەدا، لەمەڕ بارودۆخی ئەو بەرکەوتووەی مین بە کوردپای ڕاگەیاند: "ئەو هاووڵاتییە لە نەخۆشخانەی خومەینی لە ورمێ، نەشتەرگەریی بۆ کراوە و لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "کچی ئەو ژنە هاووڵاتییە کە لەو ڕووداوە بریندار ببوو، پاش تەواوبوونی چارەسەریی پزیشکی لە نەخۆشخانە مەرەخەس کراوە".

ڕۆژی سیشەممە ٢١ی پووشپەڕ، "مریەم" (دایک) و "ڕووناهی خودایی" (کچەکەی)، بەهۆی تەقینەوەی مین بریندار ببوون.

مریەم لەو ڕووداوە دەست و ڕووخساری بە سەختی بریندار و کەمئەندام بوو.

ئەو مینەی کە لە ماڵی ئەو هاووڵاتییە تەقیوەتەوە، لەلایەن یەکێک لە ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە لە زەوییەکانی ئەو گوندە دۆزراوەتەوە و لەگەڵ خۆی هێنابوویەوە بۆ ماڵەوە.