ورمێ؛ ماوەی دەسبەسەرکرانی "سۆعدا خەدیرزادە" درێژ کرایەوە

12:45 - 12 خەزەڵوەر 2721

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١١ی خەزەڵوەر، ماوەی دەسبەسەرکرانی کاتیی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "سۆعدا خەدیرزادە" کچی "ڕەحیم" و خەڵکی پیرانشار بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژی تر درێژ کرایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە دووگیانە و لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە چاوەدێریی پزیشکی بێبەری کراوە و پێویستی بە چاوەدێریی تەندروستییە؛ هەروەها ناوبراو لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراوە.

ئەو سەرچاوەیە زیادی کرد: "ماوەی دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ درێژ کرابووەوە و ئەمە دووەمین جارە کە ماوەی دەسبەسەرکرانەکەی درێژ دەکرێتەوە".

"سۆعدا خەدیرزادە" لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ڕەزبەر، هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەت ئەم هاووڵاتییەیان بەبێ نیشاندانی حوکمی دادوەری دەسبەسەر کردبوو. "سۆعدا" خێزاندار و خاوەن دوو منداڵە.

تا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ناوبراو، زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.