ورمێ؛ سینا مینایی بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

11:07 - 1 بەفرانبار 2721

ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی سەرماوەز، لاوێکی کورد بە ناوی "سینا (کەریم) مینایی" کوڕی "مستەفا" تەمەن ١٨ ساڵ و خەڵکی گوندی "سەوجە"ی شنۆ، بە دانانی بارمتە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە گرتنگە ئازاد کرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان ناوبراویان بە "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کردووە.

سینا مینایی لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا لە مافی "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" و "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی" بێبەری بووە.

ڕۆژی سێشەممە ١١ی خەزەڵوەر، ئەو هاووڵاتییە لەگەڵ لاوێکی دیکە بە ناوی "عەبدوڵڵا یووسفی"، خەڵکی گوندی "سەوجە"ی شنۆ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو دوو لاوە کوردەیان بەبێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کردبوو کە عەبدوڵڵا یووسفی چەند کاتژمێر دواتر ئازاد کرابوو.

سینا مینایی پاش دەسبەسەرکرانی بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ کرابوو.

هەروەها ناوبراو ساڵی ٩٩، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" دەسبەسەر و پاش کۆتاییهاتنی ماوەی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.