ورمێ؛ دوو هاووڵاتیی ناڕازی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران

10:49 - 30 رەزبەر 2722

ڕێکەوتی ٤ی ڕەزبەر، دوو هاووڵاتیی ناڕازی بە ناوەکانی "شۆڕش ئیسلام سکانی" و "داریووش خەیری" خەڵکی گوندی "بالوو" سەر بە شاری ورمێ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان بردبووە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییانە و ئەوانیان، دەسبەسەر کردبوو.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: ئەو دوو هاووڵاتییە لە کاتی لێپرسینەوە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە، ئازار و ئەشکەنجە دراون.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: ''شۆڕش ئیسلام سکانی لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران ئازار و ئەشکەنجە دراوە و لە بارودۆخێکی نالەبار لە زیندانی ورمێدا، ڕاگیراوە."

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا هەروەها ڕایگەیاند: ''داریووش خەیری لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعاتی سپا لە ژێر گوشار و ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەتییەکان دایە و هێزە ئەمنییەتییەکان لە دانی هەر جۆرە وڵامێکی ڕوون، سەبارەت بە چارەنووسی ئەو دوو هاووڵاتییە بە بنەماڵەکەیان، خۆدەبوێرن.

لە سەرەتای کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان لە گوندی "بالوو" هەتا ئێستا، ٢٦ هاووڵاتیی ناڕازی لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و لەو ٢٦ کەسە، ٨ کەسیان ئازاد کراون.

ناڕازییانی گوندی بالوو لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ، لە ژێر لێپرسینەوە دان.

لە ڕەوتی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی گوندی "بالوو"، دوو هاووڵاتیی بە ناوەکانی "دانش ڕەهنما" و "عەبدوڵڵا مەحموودپوور" بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکان، کوژران.