ورمێ؛ تەقینەوەی مین دایک و کچێکی کردە قوربانی

11:42 - 22 پووشپەڕ 2722

ڕۆژی سیشەممە ٢١ی پووشپەڕ، دوو ئەندامی بنەماڵەیەک بە ناوەکانی "مریەم" (دایک) و "ڕووناهی خودایی" (کچ) خەڵکی گوندی "کوران" سەر بە ناوچەی سۆمای ورمێ، بەهۆی تەقینەوەی مین بریندار بوون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، مریەم لەو ڕووداوە دەست و ڕووخساری بە سەختی بریندار بووە و باری تەندروستیی نالەبار ڕاگەیەندراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "ئەو دوو هاووڵاتییە بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی خومەینی لە ورمێ کراون و هەنووکە لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدان".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "ئەو مینەی کە لە ماڵی ئەو هاووڵاتییە تەقیوەتەوە، لەلایەن یەکێک لە ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە لە زەوییەکانی ئەو گوندە دۆزراوەتەوە و لەگەڵ خۆی هێنابوویەوە بۆ ماڵەوە".

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، لە سەرەتای ساڵی ١٣٩١ هەتا کۆتاییەکانی ساڵی ١٤٠٠، سەرجەم ٤٠٢ هاووڵاتیی سڤیل لە کوردستان بوونەتە قوربانیی مین و کەرەستە تەقەمەنییەکان (١٠٣ کوژراو و ٢٩٩ بریندار).