ورمێ؛ بێسەروشوێنبوونی سێ کۆڵبەر لەنێو کڕیوەی بەفردا

14:05 - 24 بەفرانبار 2721

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی بەفرانبار، سێ کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی "بەهلوول سەیدانی‌فەرد" کوڕی کەریم، "بارزان مەهینی" کوڕی شەوکەت و "ئەسعەد سەیدانی‌فەرد" کوڕی ڕەحیم" خەڵکی گوندی "باوانـ"ـی ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، بەهۆی کڕیوەی بەفر لە "دۆڵی بنار" بێسەروشوێن بوونه.

یەکێک لە دانیشتوانی گوندی "باوان" لەو پەیوەندییەدا، بە ئاژانسی کوردپای ڕایگەیاند: ئەو سێ کۆڵبەرە کوردە لە کاتی گەڕانەوە لە تورکیە، لەنێو بەفر و کڕیوەدا، لە دۆڵی "بنار" بێسەروشوێن بوونه.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەی خستەڕوو: هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی ئەو سێ کۆڵبەرە لەلایەن خەڵکەوە دەستی پێکردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، ئەو سێ کۆڵبەرە هیچ پەیوەندییەکی تەلەفوونیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان نەبووە.

بەهلوول سەیدانی‌فەرد و ئەسعەد سەیدانی‌فەرد خێزاندار و خاوەنی منداڵن و بارزان مەهینی سەڵتە.